کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبنارێک بەبۆنەی ٧٥مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزب لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو

19:22 - 22 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی  گەلاوێژ، بە بەشداریی "تەیموور مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و "کاوە ئاهەنگەری" چالاکی سیاسی وێبنارێک بەڕێوەچوو.

بەبۆنەی ڕێزگرتن لە ٧٥مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ڕێکخستنی گشتیی حیزب و بە هاوکاری و ئامادەکاریی ڕێکخستنی دەرەوەی وڵات وێبنارێک بەم بۆنەوە بەڕێوەچوو.

سەرەتا کۆڕگێڕی وێبنار، "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی هەرێمی ئورووپا بەرنامەکەی بە خوێندنەوەی سروودی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد و دواتریش خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕووحی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا و پاشان وێبنارەکە لەلایەن "تەیموور مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات دەستی پێکرد.

بەرنامەکە لە دوو بەش پێکهاتبوو:

خەباتی مەدەنی لە کوردستان کە "تەیموور مستەفایی" باسی ئەم بابەتەی کرد.

قۆناغە مێژوییەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان کە "کاوە ئاهەنگەری" ئەم باسەی تاوتوێ کرد.

"مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات بە هێنانەوەی ئەم فاکتە کە خەباتی مەدەنی بەهۆی ماهییەتی خۆی مەجالی بەشداربوونی خەڵکانی زیاتری تێدایە و بۆیە پانتایەکی زیاتری هەیە پێداگری کرد ڕاستە کە بووە هۆی سیاسەتەکانی هەڵە و شەرئەنگێزی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئێمە تووشی خەباتی چەکداری بووین بەڵام نابێ ئێمە ڕەوایی خەباتی مەدەنی لەبیر بکەین یان تەنانەت کەمڕەنگتر لە خەباتی چەکداری یان شێوەکانی دیکە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەین و دەبێ ببێت بە بنەمای خەباتی ڕزگاریخوازیی حیزب.

"مستەفایی" لە درێژەی باسەکەیدا بۆ بینەران و بیسەرانی وێبنارەکە، بە وەبیرهێنانەوەی ڕووداوە مەدەنییەکان لە کوردستان هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە شاری "مەریوان" دەستی پێکرد و یەکە بە یەکە ڕووداوەکانی باس کرد و هەتا گەیشتە دوایین ڕووداوەکانی خەباتی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات وەکوو دەرەنجامی بوومەلەرزەی سەرپێڵ کە هاوخەباتیی کوردستانیانی ڕۆژهەڵاتی بەدواوە بوو و هەروەها بۆردوومانی بنکەکانی حیزب کە دواتر لە سەر داوای حیزبی دێموکرات و ئەندامانی دیکەی ناوەندی هاوکاری حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات جەماوەری ڕۆژهەڵات بە خەباتی مەدەنی و داخستنی دووکان و بازاڕ ئەم داواکارییەی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان دایەوە و بەرەوپیری چوون.

لە کۆتاییدا "مستەفایی" لە کۆبەندی وتارەکەیدا ئەو ڕاستیەی باس کرد کە خەباتی مەدەنی لەلایەکەوە تێچووی کەمترە و لەلایەکی دیکەشەوە پانتایی زیاتری هەیە و خەڵکانێکی زیاتر دەتوانن بەشداری تێدا بکەن بۆیە داوای لە

دانیشتوانی دەرەوەی وڵات کرد له ڕێگای ڕاگەیاندن و دیپلۆماسی بەشداریی زیاتری خەباتی مەدەنی کوردستان بکەن.

"مستەفایی" لە باسەکەیدا هەر لە سەرەتاوە و هەتا کۆتایی پێداگری لە سەر یەکڕیزی و یەکیەتیی حیزب کرد و یەکبوونی بە مەرجی سەرەکی بەهێزبوونی بزووتنەوەی کورد و بەهێزبوونیشی بە مەرجی سەرەکیی بەشداری و ئامادەبوون لە خەبات بە مەبەستی قۆستنەوەی هەل و مەرجەکان زانی.

لە بەشی دووهەمی وێبنارەکەدا "کاوە ئاهەنگەری" چالاکی سیاسی باسەکەی سەبارەت بە کۆمار دەست پێکرد.

"ئاهەنگەری" هەر لە سەرەتادا وێڕای بەرز و پیرۆزڕاگرتنی ٧٥مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات بڕوای بەوە هەبوو کە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ ڕۆژی ڕاستەقینەی دامەزرانی حیزب نییە بەڵکوو چەند ساڵ پێشتر کە کۆمەڵەی "ژ.ک" هەر لە هەمان ڕۆژدا واتە ٢٥ گەلاوێژ کۆمەڵەی "ژ.ک" یان دامەزراندووە و دواتر بە هۆی ڕیفۆرم کۆمەڵە بووە بە حیزبی دێمۆکرات کەوابوو دامەزرانی حێزب میژووکەی زیاترە لەوەی کە ئێستا بە فەرمی باسی دەکرێ.

دواتر ئاهەنگەری باسەکەی بە پرسیارگەلێک دەست پێکرد و ڕای وابوو کە پرسیارەکان و هەوڵی دانەوەی وەڵامی دروستیان ڕۆڵی گرینگ و سەرەکیان لە مێژووی جێهاندا هەبووە.

پرسیاری یەکەمی "ئاهەنگەری" ئەوە بوو کە ئێمەی کورد و بە تایبەت حیزب چەندە ڕۆڵمان لە عاملیەت واتە خولقێنەری لە کۆماردا هەبووە و وەکوو کورد چەندە ڕۆڵمان لە بەرپابوونی کۆماردا هەبووە.

"ئاهەنگەری" لە باسەکەیدا ئاماژەی بە کۆماری کوردستان کرد و بە یەکەمین کۆماری سێکۆلار و دێموکراتیک و پلۆراڵیستی زانی واتە کۆمارێک کە تەک ئایین نەبووە و ڕێزی لە ئایینەکانی دیکەش گرتووە و ئازاد و خەڵک سالار بووە و بڕواشی بە فرە ئایینی هەبووە.

پرسیارێکی دیکەی "ئاهەنگەری" ئەوە بووه کە چەندە توانیومانە نەوەی تازەمان لە حیزبدا پێ بگەیەنین و ئاماژەی بە وتەکانی پێشەوا کرد کە بە نەمانی ئەو کورد دەمێنێ بەو مەرجەێ جیلی تازە ئامادە بکری بۆ وەرگرتنی ئەرکی ڕێبەڕایەتی.

ئاهەنگەری لە کۆتاییدا گوتی با چاوەڕێی ڕووداو نەبین و خولقێنەری ڕووداوەکان و داهێنەری چەرخی مێژوو بین و هەروەها داواشی کرد کە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئێرانی کار و پڕۆژەی هاوبەش بکرێ چوونکە بە بڕوای ئاهەنگەری هەر شێوە پێکهاتن یان دانپێدانان لە سەر مافی نەتەوەکان لە تاران دەکرێ کەوابوو دەبێ لە پۆتانسییەلی کوردەکانی دانیشتووی تارانیش کەڵکی پێویست وەر بگیرێ.

وێبنارەکە بە پرسیاری بەشداران و وڵامی میوانانی بەرنامەکە کۆتایی پێهات.