کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبنارێک بەبۆنەی ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو

14:00 - 23 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی  گەلاوێژ، بە بەشداریی "خالید دەرویژه" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و "عەبدوڵڵا حیجاب" چالاکی سیاسی، وێبنارێک بەڕێوە چوو.

بەبۆنەی ڕێزگرتن لە ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ڕێکخستنی گشتیی حیزب و بە هاوکاری و ئامادەکاریی ڕێکخستنی دەرەوەی وڵات وێبنارێک بەم بۆنەوە بەڕێوە چوو.

سەرەتا کۆڕگێڕی وێبنار، "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی هەرێمی ناوەندیی ئورووپا، بەرنامەکەی بە خوێندنەوەی سروودی "ئەی ڕەقیب" دەست پێکرد و دواتریش خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا و پاشان وێبنارەکە لەلایەن "خالید دەرویژه" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات دەستی پێکرد.

بەرنامەکە لە دوو بەش پێک هاتبوو: "بنەما نەتەوەییەکانی خەباتی حیزبی دێموکرات؛ پرەنسیپە سیاسی و نەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات".

لە دەستپێکی ئەو وێبنارەدا "خالید دەرویژە" سەری ڕیز و نەوازشی بۆ هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان دانواند و هەروەها پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژی لە هەموو خەڵکی کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات کرد.

ناوبراو لەبارەی بنەما نەتەوەییەکانی خەباتی حیزبی دێموکرات قسەی کرد و ئەو باسەی لە چوار تەوەردا بۆ میوانان شی کردەوە: "یەکەم، زەرووتی شیکردنەوەی ئەو بابەتە؛ دووەم، پێناسەی نەتەوە و توخمە سەرەکییەکانی پێکهێنانی نەتەوە؛ سێیەم، ڕوانینی حیزبی دێموکرات بۆ پرسی نەتەوەیی؛ چوارەم، گرێدانی ئەو بابەتە بە ڕاسان".

"دەرویژه" باسی لەوە کرد: "خەباتی نەتەوەیی ئێمە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئاڵوگۆڕێکی زۆری زۆری بە خۆیەوە بینیوە. پرسی دەوڵەت- نەتەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەهۆی ئەو ئاڵوگۆڕانەی هاتووەتە ئاراوە زۆر زەق بووەتەوە".

ناوبراو لە درێژەدا وتی: "حیزبی دێموکرات ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی بووە و بیر و ئەندێشەکانی کوردستانی بووە. کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەو جوغرافیای کە شوێنی تیکۆشانی حیزبە لەژێر داگیرکاریی ڕێژیمی ئێراندایە، بەڵام خەباتی ئێمە بە هەموو ئەندامان و لایەنگرانیەوە خەباتێکی سەردەمیانەیە".

"دەرویژە" لە شیکردنەوەی بابەتەکەیدا باسی لەوە کرد، ئێمە کێشەیەکمان لە جۆری بیرکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەندییە کە نکۆڵی لە مافی نەتەوەی کورد دەکات. بۆیە ئێمە لە دۆخی ئێستادا هەندێک گوزارە کە باوەڕمان پێی هەیە دەبێ بکەینە گوزارەی زاڵ و گوزارەکانی سەپێندراو پاک بکەینەوە.

"خالید درویژە" لە بەشێکی باسەکەیدا شرۆڤەی ڕوانینی حیزبی دێموکراتی لەسەر پرسی نەتەوە بۆ میوانان شی کردەوە. ناوبراو وتی، بیرۆکەی یەک ئێران و یەک نەتەوە لە دەورانی قاجار و پەهلەویدا هاتە گۆڕێ کە تەنیا دەبێ یەک دەسەڵات لە ئێراندا هەبێت. دواتریش ئەو بابەتە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە درێژەی پێ درا. بەڵام خەباتی حیزبی دێموکرات لەسەر ئەساسی نەتەوەیی و دێموکراتیکە کە باوەڕی بە مافی چارەی خۆنووسین هەیە و خەباتی بۆ دەکات.

دواتر ناوبراو لە  باسەکەیدا تەوەرەکانی دیکەی شرۆڤەی کرد و لایەنەکانی پێوەندیدار بە بابەتەکەی شی کردەوە.

دواتر "عەبدوڵڵا حیجاب" لەبارەی پرەنسیپە سیاسی و نەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات بابەتەکەی خۆی پێشکەش کرد.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە کاتێک باسی بنەمای سیاسی و نەتەوەیی حیزبێک دەکەین دەبێ پێشتر باسی ئەوە بکەین ئەو حیزبه سیاسییە لە چ  هەلومەرج و بە چ شێوەیەک کار دەکات. ئەگەر سیاسەت، زانستی بەڕێوە بردن و دابەشکردنی هیز بێت، کوردەکان ئەو دەرفەتەیان نەبووە و پێنەدراوە کە بەشدار بن و تەنیا سیاسەتی حیزبەکان ئامانج بووە و بەرنامەکانی.

"حیجاب" باسی لەوە کرد، ئەگەر باسی بەرنامەی یەکەمی حیزبی دێموکرات بکەین کە لە کاتی دامەزرانی حیزبەوە نوسراوە، داوکارییەکی گشتییە. ٨ خاڵ کە حیزبی دێموکرات داوای دەکات و باس کراوە، خاڵەکان گشتین و هەر خاڵێک خۆی بەرنامەن و دواتریش دەرفەتی شیکردنەوە نه بە کۆمار درا و نە بە حیزب کە خاڵەکانی شی بکەنەوە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کاتێک باسی خوێندن بە زمانی دایکی دەکرێت، دواتر بۆمان دەرکەوتووە کە زمان چۆن یەکێک لە کۆڵەکەکانی بە نەتەوەییبوونە، ئەوەش داخوازییەکە بۆ شکڵ بەخشین بە شوناسی نەتەوەیی کورد.

ناوبراو لە شیکردنەوەی باسەکەیدا وتی، حیزبی دێموکرات بە هێنانەگۆڕی سیستمێکی سوسیالیستی و دێموکراتیک لە داهاتووی کۆمەڵگەی کوردستاندا ئیتر حیزبی دێموکرات ئەو کاتی خۆی لە باقی حیزبەکانی دیکە جیا کردەوە. هاوکات لە بواری نەتەوییەوە دەیهەوێت مۆدێلێکی ئاڵترناتیڤ بۆ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و باقیی بەشەکانی دیکەی کوردستان دروست بکات.

"حیجاب" لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە بەرنامە و سیاستەکانی حیزبی دێموکرات کرد کە چۆن حیزبی دێموکرات لە قۆناغە جیاوازەکاندا سیاسەت و کاری کردووە.

وێبنارەکە بە پرسیاری بەشداران و وڵامی میوانانی بەرنامەکە کۆتایی پێهات.