کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبنارێک بەبۆنەی ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو

19:22 - 23 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی  گەلاوێژ، بە بەشداریی "فواد خاکی بەیگی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و "عیرفان ڕەهنموون" چالاکی سیاسی، وێبنارێک بەڕێوە چوو.

بەبۆنەی ڕێزگرتن لە ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ڕێکخستنی گشتیی حیزب و بە هاوکاری و ئامادەکاریی ڕێکخستنی دەرەوەی وڵات وێبنارێک بەم بۆنەوە بەڕێوە چوو.

سەرەتا کۆڕگێڕی وێبنار "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی هەرێمی ناوەندیی ئورووپا، بەرنامەکەی بە خوێندنەوەی سروودی "ئەی ڕەقیب" دەست پێکرد و دواتریش خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا و پاشان وێبنارەکە دەستی پێکرد.

بەرنامەکە لە دوو بەش پێک هاتبوو: "کاری ڕێکخراویی لە حیزبی دێموکراتدا، مێتۆدەکانی خەبات لە حیزب".

سەرەتا "عیرفان ‌رەهنمون" لەبارەی بابەتەکەی بۆ دەستنیشان کرد بووە قسەی کرد. ناوبراو سەرەتا باسی لەوە کرد لە ڕاستیدا بۆ ئەوەیکە پێناسەیەکی ڕوونمان لە حیزبی دێموکرات هەبێ پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ئەو هەلومەرجەی کە حیزبی تێدا دامەزراوە. چونکە حیزبی دێموکرات چونکە حیزبی دێموکرات لە سەر کۆمەڵەی "ژێ.کاف" دامەزراوە.

ناوبراو باسی لەوە کرد، ئێمە دەبێ تایبەتمەندییەکانی حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی نەتەوەیی کە قۆناغی ڕزگاریی تێپەڕێنێت چییە؟ یەکەمین تایبەتمەندی ئەو حیزبە دەبێ گۆڕانخوازی ڕیشەیی بێت. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی حیزبی دێموکرات گۆڕانخوازی ڕیشەییە کە دەیهەوێت نەزمێکی ئیستعماری کە لە کوردستاندا هەیە هەڵبوەشێنێتەوە.

"رەهنموون" وتی کە هەتا ئەو کاتە کە حیزبی دێموکرات قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانیی تێدەپەڕێنێت حیزبێکی نەتەوەیی و بان چینایەتییە.

مەسەلەیەکی دیکە کە لە خەباتی نەتەوایەتیدا بوونی هەیە ئەوەیە نابێ ئێمە باوەڕمان بەوە هەبێ کە دێموکراسی پرسی ئێمە چارەسەر بکات لە هیچ کۆمەڵگایەکدا. بۆ نموونە لە بریتانیا و ئیسپانیادا. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ماف واتا مافی تاک و مافی کۆ.

دواتر "فواد خاکی بەیگی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات لەبارەی بابەتەکی خۆیدا قسەی کرد.

"خاکی بەیگی" باسی لەوە کرد، نەبەستنەوەی بزووتنەوە کورد لەلایەن حیزبی دێموکرات بە کەسێک، گرووپێک یا چورچێوەیەکدا لەو حیزبەدا ڕەنگی داوەتەوە. حیزبی دێموکرات ٧٥ ساڵ پێش ئێستا بە دامەزرانی کیانێکی کوردی لە شکلی کۆماریدا توانی شکلێکی ئەمڕۆیی بە بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی خەڵکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بدات.

ناوبراو لە شیکردنەوەی بابەتەکەیدا باسی لەوە کرد، ٧٥ ساڵ لەوەپێش حیزبی دێموکرات لە وڵاتێکی دواکەتوودا وەک ئێران کە کوردستانیش خەڵکێکی زۆرینەی نەخوێندەواری هەبووە توانی تاکەکانی کۆمەڵ بە ڕێکخراو بکات و لە سیستمێکی ئەمڕۆییدا کانالیزەیان بکات.

"خاکی بەیگی" باسی لەوە کرد لە کۆنفرانسی ٣ی حیزبدا بەرنامە و ئەساسنامەی حیزب لە سەر بنەمای کاری ڕێکخراویی بووە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەست بە گرینگیی بەردەوامیی بزووتنەوەکە کراوە کە ئەو بزوتنەوە هەمیشە بەردەوام بێت.

ناوبرا ئاماژەی بە وتە و نووسراوەکانی دوکتور قاسملوو کرد کە ناوبرا لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا هەمیشە باسی لە کاری ڕێکخراویی کردووە و ڕێکخراوی بە چەکی هەرە گرینگ وەسف کردووە.

وێبنارەکە بە پرسیاری بەشداران و وڵامی میوانانی بەرنامەکە کۆتایی پێهات.