کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبنارێکی سیاسی – گشتی لەلایەن ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو

11:37 - 24 پووشپەڕ 2720

بەبۆنەی ٣١ـەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو وێبنارێکی سیاسی – گشتی لەلایەن ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات وێبنارێکی بەڕێوە برد.

سەرەتای وێبنارەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر بەڕێوەبەری وێبنارەکە، "شەهریار نەقشبەندی" ڕیزی بەرنامەکانی وێبنارەکەی پێشکەش بە بەشداران کرد.

لەو وێبنارەدا هەریەک لە "پیتەر گالبرایت"(باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە وڵاتی کڕواسی و مامۆستای زانکۆ)، "لوقمان مێهفەر" (پارێزەر و ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکرات) و دوکتور "خالید خەیاتی"(کەسایەتی سیاسی و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی سوئێد) بەشداریان کرد و بابەتەکانی خۆیان پێشکەش کرد.

لە دەسپێکدا "پیتەر گالبرایت" بە زمانی ئینگلیسی کە "ئارەش ساڵح" وەریدەگێرا سەر زمانی کوردی، بابەتەکەی خۆی پێشکەش کرد کە لەسەر چەند تایبەتمەندییەکی دوکتور "قاسملوو" و هاوکات سەبارەت بە ئەزموونی خۆی لەگەڵ ئەو ڕێبەرە و حیزبی دێموکرات دوا.

"گالبرایت" لە قسەکانیاندا ئاماژەی بەوە کرد کە دوکتور "قاسملوو" وەک کەسێکی ئاکادێمیک،  لە دنیای ڕۆژئاوادا پەروەردە ببوو ، کەسێکی مرۆڤدۆست بوو، بەشێکی زۆری ژیانی خۆی لە ئورووپا بەسەر بردبوو کە "قاسملوو"ی کردبووە خاوەن ئەزموونێکی جیهانی.

ناوبراو وتی هەمووی ئەوانە هۆکارێک بوو لەسەر شێوازی ڕێبەریکردنی ئەو سەرکردەیە. هاوکات پێی وابوو هەرچەندە ئێستا هەندێک سەرکردەی دیکەش ئەو ئاستەی ئەو کاتی دوکتور "قاسملوو" ئەزموون دەکەن، بەڵام هێستاش ئەوە شتێکی نوێیە بۆ ئەوان و ڕەنگە وا بە ئاسانی نەتوانن ڕۆڵ و پێگەی "قاسملوو" دەستەبەر بکەن.

لە درێژەدا وتی: "دوو تایبەتمەندی بەرز لە شێوەی ڕێبەریکردنی دکتور "قاسملوو"دا هەبوو ئەوانیش سێکۆلاربوون و دەرچوون لە بازنەی عەشیرەت بوو، ئەوەش دەرئەنجامی ئەو باوەڕەی "قاسملوو" بوو کە لەسەر بنەمای سۆسیال دێموکراسی سیاسەتی دەکرد وەک هەمان مۆدێل بوو کە ئێستا ئێمە لە سوئێد دەیبینین.

سەبارەت بە کەیسی تێرۆری دکتۆر "قاسملوو" وتی: "بەداخەوە بەهۆی پەرەگرتنی نادادپەروەریی جیهانی وای کردووە کە تێرۆرێکی وا سامناک پەردەپۆش بکرێ لەکاتێکدا هەموو بەڵگە و ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە بکەران و تێرۆریستان کێن و کێ پاڵپشتیان دەکات، هەر وەک لە کەیسی تێرۆری دوکتور شەرەفکەندیدا ئەو ڕاستییە سەلما".

بڕگەیەکی دیکەی وێبنارەکە تەرخان کرابوو بۆ "لوقمان مێهفەر" کە بابەتێکی لەسەر چەند تایبەتمەندی بەرزی دوکتور "قاسملوو" لە ڕوانگەی تێئۆری ئەخلاقەوە پێشکەش کرد کە لە باسەکەیدا لەسەر چەند تەوەر قسەی کرد کە لە ڕوانگەی شەهید دوکتور قاسملووەوە گرێدراوییەکی پتەویان بە ئەخلاقەوە هەبووە و بنەمای سیاسەتکردنیشی بووە.

 لە قسەکانیدا بە بەڵگەهێنانەوە لە وتەکانی دوکتور "قاسملوو" و بەراوردکردنی بە تێئۆریی ئەخلاق وتی:  باوەڕی قاسملوو بە دێموکراسی نیشاندانی ئەوپەڕی ئاکاری بەرزی سیاسی ئەو سەرکردە نەمرەیە کە دەیهەویست لە ڕێگەی ئەو پڕۆسەیەوە تاکەکانی کۆمەڵگە بە ماف و ئازادییەکانیان بگەن و ئیرادەیان بۆ بگەڕێنێتەوە هەتا بتوانن بە سەربەستی و ڕاشکاوانە دوور لەهەر چەشنە ترس و هەڕەشەیەک بیر و باوەڕی خۆیان دەرببڕن، ئەوەش ترۆپکی ئەخلاقە لە سیاسەتدا کە گونجاوترین ڕێکاری گشتگیریی دێموکراتیکانە دەستنیشان بکەی و لەپێناویشیدا خەبات بکەی".

"مێهفەر" سەبارەت بە واقعبیینی سیاسی لە ڕوانگەی دوکتور "قاسملوو" وتی: "ئەو باش دەیزانی کە مەبەستی سیاسەت قازانج و بەرژەوەندیییە بەڵام ئامۆژگاری کادر و پێشمەرگەکانی دەکرد کە (ئوسوول بکەن بە پێوەر) و (ئەخلاقی شۆڕشگێڕانەش) بکەن بە سروشتی ژیانی سیاسییانەیان چوونکە پێی وابوو دەرەنجامی ئەو ڕەفتارە ئەخلاقییەیە کە کادرێکی حیزبی دەتوانێ بڕوا و متمانەی کۆمەڵانی خەڵک وەرگرێ.

 ناوبراو لە درێژەدا وتی: "قاسملوو" وای بیر دەکردەوە کە ئەخلاق و ئاکاری درووست هۆکاری سەرەکین بۆ لەسەر حەق بوون، هەربۆیە خەبات کردن لەپێناو دادپەروەری و مافی یەکسانیدا وەک ئەرکێکی ئەخلاقی پێناسە دەکرد و پێی وابوو بە بێ دابینبوونی دادپەروەری و یەکسانی هیچ خەباتێک ناتوانێ ڕاستگۆ و ڕاشکاو بێ لەگەڵ لایەنگرانی ڕێبازەکەیدا.

 یەکێکی دیکە لە ڕوانگەکانی "قاسملوو" ئەوە بوو کە ئەخلاقی بە هۆکارێکی سەرەکی دەزانی بۆ پتەوبوون و مانەوەی پێکهاتە و هەیکەلی ڕێکخراوەیی، بە باوەڕی "قاسملوو" ئەگەر قەیرانی مەشروعیەت لەلایەک هۆکارەکەی ناشارەزایی و کەمتەرخەمیی دەسەڵاتداران بێ، ئەوا لەلایەکی دیکەوە هۆکارەکەی وەلانانی ئوسووڵی ئەخلاقییە لە کاروباری سیاسیدا لە لایەن رێبەرانی دەسەڵاتەوە کە دەتوانێ زووبەزوو هەموو دامودەزگایەکانی حکومەتی یا حیزبی بگرێتەوە.

 ئەو پێشێل‌کردنی ئەخلاقە دەتوانێ ببێتە هۆی بۆ نموونە: "فەسادی ئیداری، فەسادی ماڵی و پێشێل‌کردنی مافی تاکەکانی کۆمەڵگە".

لە ڕوانگەی "لوقمان مێهفەر" ، شەهید د. "قاسملوو" هەوڵی دا پەروەردەیەکی دروست پەیڕەو بکات کە کادری دەوڵەتی بەبیری پاک و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان پەروەردە بکات و لەسەرووی هەموو شتێکەوە فێری بنەما ئەخلاقییەکانی کاری دامەزراوەیی بکات.

سەبارەت بە سیاسەتیی پەیوەندییەکان "مێهفەر" ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕوانگەی دوکتور شەهید "قاسملوو" لەخۆبردوویی و‌ ڕۆڵی کەسێک یا حیزبێکی لە پێوەندیی سیاسیدا بۆ بەرەوپێش‌بردنی خەباتی نەتەوەکەی، لەجوڵانەوەیەکی ڕەوادا بە ئەسلێکی ئەخلاقی دادەنا، بەڵام هاوکات پێیوابوو کە پێوەندیی ئەو کەسە یان ئەو حیزبە کە بەقازانج و بەرژەوەندیی لایەنێکی دەرەکی کار بکا و زیان بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی بگەیەنێ، ناچێتە خانەی ئوسووڵ و پرەنسیپە ئەخلاقییەکانەوە، بەڵکو بە بێ پرەنسیپی دادەنرێ.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە بواری پەروەردە و فێرکردن لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووەوە وتی: دوکتور ‌قاسملوو باوەڕێکی قووڵی بە هۆشیارکردنی تاک هەبوو. ئەو لە ڕوانگەی خۆیەوە پەروەردەکردنی مەعنەوی و پێکهێنانی کۆمەڵێکی ئازاد و دێموکراتیک، فێرکردن و بارهێنانی خەڵک لەبواری خوێندەواری و بردنەسەری ئاستی زانیاریی سیاسی تاکی نێو کۆمەڵ و لەبەرچاوگرتنی مافی یەکسانی و ڕێزگرتن لە یەکتری ‌بە بەشێک لە بنەماکانی ئەخلاقی دەزانی.

لە لایەکی دیکەوە سەبارەت بە پرسی وتوووێژ و ڕێگاچارەی ئاشتیانە تیشكی خستە سەر ڕوانگەی دوکتور "قاسملوو" و وتی: باوەڕەی دوکتور قاسملوو بە مەسەلەی وتووێژ ئەو ڕاستییە دەسەڵمێنێتەوە کە حیزبی دێموکرات و ڕێبەری ئەو حیزبە خوازیاری شەڕ نین بەڵکوو شەڕ بە ماڵوێرانی و سەرچاوەی زۆر گرفتی ناو کۆمەڵگا دادەنێن.

ناوبراو وتی، ئەو ڕاستییەش بەهایەکی ئەخلاقی گەورەی لە پشتە کە نیشان دەدات تۆ بەرژەوەندیی گشتی دەخەیە پێش بەرژەوەندی کەمینەوە، ئەو ڕوانگەیەش نە تەنها لە ڕووی لاوازییەوە نەبوو بەڵکوو لە کاتێکدا کە دوکتور قاسملوو لەسەر مێزی وتووێژ تێرۆر کرا حیزبی دێموکرات لەباری نیزامی و ڕێکخراوەییەوە بەهێزترین هێزی پارتیزان و پێشمەرگەی چەکداری هەبوو.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیشیدا باسی لە لایەنی یاساتەوەری و باوەڕمەندی د. قاسملوو کرد بە یاسا نێونەتەوەیی و مرۆڤییەکانەوە کە بناخەیان لەسەر ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤەکان و بیروڕا جیاوازەکان بنیات نراوە.

 مێهفەر وتی، "قاسملوو" بە پەیڕەویکردن لە ئەخلاق ڕێبازێکی دامەزراند کە ڕەفتار و ئاکاری کادری حیزبی یان دەسەڵاتدار، لەڕاستای بەرژەوەندی گشتی و بەدەستهێنانی متمانە و پشتیوانی کۆمەڵگەدا ئاراستە دەکات.

دوایین کۆڕگێڕی وێبنارەکەش دوکتور "خالید خەیاتی" بوو کە لە ڕوانگەیەکی مەعریفی سیاسییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کەسایەتی سیاسی و زانستی دوکتور "قاسملوو" کرد و بە لێکدانەوەی ناوبراو، دوکتور "قاسملوو" یەکێک لەو کەسانەیە کە گۆڕانی فکری بەرهەم دێنێ و نموونەشی بەوە هێنایەوە کە لە بیری مارکسیست- لینینیستی دەپەڕێتەوە بۆ هزری سۆسیالیزمی ئینسانی یان هەمان سۆسیالیزمی دێموکراتیک کە دواتر لە کۆنفڕانسی حیزبەکەیدا ئەو سۆسیالیزمە ئورووپاییە دەگونجێنێ و پێیوایە ئەو شێوە لە سۆسیالیزم یەکێک لەو بناغە بەهێزانەیە کە دەکرێ بەردی بناغەی شارۆمەندی یان دادپەروەری لەسەر درووست بکەی.

ناوبراو وتی، "قاسملوو" لەو باوەڕەدا بووە کە پڕۆسەی نەتەوەسازی بە بێ درووستکردنی شارۆمەندی کورد ناتەواو دەمێنێتەوە و نەتەوە درووست نابێ کاتێک کە شارۆمەندی کورد لە هەموو شێوازێکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەهرەمەند نەبێ.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا خەیاتی وتی: "قاسملوو" لە تەواوی ژیانی سیاسی خۆیدا هەر هزر و بیرێکی هەبووبێ هیچکات لە کوردبوون و نەتەوەیی بوونی غافڵ نەبووە و لە پێناویدا تێکۆشاوە و بە باوەڕیکی قووڵەوە سێ تایبەتمەندی بۆ پێناسەی نەتەوە هەڵدەبژێرێ کە ئەوانیش خاک و زمان و دابونەریتن.

ئەو وتی بەگشتی هزری دوکتور "قاسملوو" هیچ دابڕانی نییە لەگەڵ سەردەمی ئێستا بەڵکوو هەمان ئەو گووتارەیە کە ڕووناکبیری کورد ئێستا بانگەشەی بۆ دەکات.

خەیاتی لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێ بەر لەوەی بیر لە هێزی ماددی و ئینسانی و سەربازی بکەینەوە دەبێ لەباری تێئۆرییەوە هەڵگری مەعریفەیەکی تایبەتی بین بۆ کێشەی کورد، ئەویش هەمان ئەو ڕوانگەیە کە شووناسی کوردی ئێرانی لێک جیا دەبینێ، پڕۆسەی سیاسەتمەداری لە ئێران و ڕۆڵی کورد لەو پڕۆسەیەدا دژبەیەک دەبینێ، تەنانەت ئەوەی کە کوردستان و ئێران وەک دوو وڵاتی جیاواز پێناسە دەکات.

 ئەگەر لەو ڕوانگە مەعریفییەوە کار لەسەر پرسی کورد بکەین بە دڵنیاییەوە ئامانجی زۆرتر و دەسکەوتی زیاتری دەبێت، هەر وەک دوکتور "قاسملوو" لەسەر ئەو پرسە دەستی نەسڵی داهاتوو و نەسڵەکانی داهاتووتریی ئاوەڵا هێشتووەتەوە هەتا بەپێی سەردەم بۆ دابینبوونی خواستی سیاسی - نەتەوەیی خۆیان تێبکۆشن.

لە کۆتایی وێبنارەکەدا وێڕای وڵامدانەوەی پرسیاری بەشداربووان، "کاوە عەبداڵی" بەرپرسی ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لە درەوەی وڵات سوپاسی کۆڕگێڕان و بەشدارانی کرد.