کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبیناری تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو

18:02 - 25 سەرماوەز 2720

بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز وێبینارێک لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی بەرپرسی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە چوو.

ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بە بەشداریی ئەندامانی حیزب لە وڵاتی فینلاند و میوانداریی "کاوە بەهرامی"، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وێبینارێکی تایبەتی بەڕێوە برد.

وێبینارەکە کاتژمێر ٢٠ بە کاتی "هێلسینکی"، بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" ‌و چەند ساتێک بێدەنگی بە مەبەستی ڕێزگرتن لە خەبات ‌و گیانفیدایی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان "کەریم حەبیبی"، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە فینلاند بەم بۆنەوە وتەیەکی پێشکەش کرد.

"حەبیبی" وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگە، گرنگیی دیاریکردنی ڕۆژێک وەکوو ڕۆژی پێشمەرگەی بە نیشانەی ڕێز و وەفا بۆ خەباتی خەباتکارانی کورد لەقەڵەم دا کە ڕێبەرایەتیی حیزب بایەخی پێ داوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "هەموو نەتەوەیەک بۆ ئەوەی کە بمێنێتەوە و لەسەر خاک‌ و نیشتمانی خۆی دیفاع لە خۆی بکات لە بەرانبەر داگیرکەران‌ و زاڵماندا، پێویستی بە هێزێکی بەرگریکار هەیە"

بەشێکی دیکەی وێبینارەکە، تایبەت بوو بە وتەکانی "کاوە بەهرامی"، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

"بەهرامی" سەرەتای وتەکانی بە پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵا لە هەموو خەڵکی کوردستان‌ و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستی پێکرد.

ناوبراو بە چاوخشاندنێکی کورت بەسەر ناو و خەباتی پێشمەرگەی کوردستان، بەکورتی ئاوڕێکی لە ڕووداوەکانی پێش کۆماری کوردستان دایەوە و ئاماژەی بەو شۆڕشانە کرد کە لە بەشە جیاجیاکانی کوردستاندا سەریان هەڵداوە و دواتر بە پیلانی جۆراوجۆر سەرکوت کراون‌ و جارێکی تر بەداخەوە هەڵنەگیرساونەتەوە.

"کاوە بەهرامی" هەروەها ئاماژەی بە هێرشی خەڵکی شاری مەهاباد کرد بۆ سەر دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی پاشایەتی‌ و تێکەوەپێچانی ئەو دامودەزگایانە. "بەهرامی" وتی: "ئەوە بوو بە نۆختەگۆڕانێکی گرینگ لە پەیوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان."

بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە ئاوڕدانەوە لە شۆڕشی گەلانی ئێران ‌و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، وتی: "ئێمە لەدوای ڕووخانی ڕێژیمی شا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەشدارییەکی بەرچاومان لە تێکەوەپێچانی ئەو ڕێژیمە بوو، لە کوردستان هیوایەکی زۆرمان هەبوو. بەڵام بەداخەوە بەهۆی بیرۆکەی دژیگەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەوڵەکانی گەلی کورد، بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ گرتنەبەری ڕێگای ئاشتییانە، نەیتوانی سەرکەوتوو بێت. بۆیە شەڕ لە کوردستان ساز بوو، بەڵام گەلی‌ کورد و لە سەرەوەی هەموویان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، زۆر باش توانییان بەرەنگای پیلانەکانی ڕێژیم ببنەوە و لە شەڕێکی توندوتیژدا کە بە شەڕی سێ مانگە ناسراوە، بە تەواوی ماشینی جەنگیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە کار خست."

"بەهرامی"، وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی ئێران ‌و کوردستان ‌و زەروورەتی چالاکی ‌و جووڵەیەکی نوێی هێزی پێشمەرگە بۆ خەبات لە کوردستان، باسی لە ڕاگەیاندنی "ڕاسانی ڕۆژ‌هەڵات" کرد کە ساڵی ١٩٩٤ی هەتاوی لە شاخەکانی کوردستان‌ لەلایەن حیزبی دێموکرات ‌و بە بەشداریی هێزی بەهێزی پێشمەرگە ڕاگەیەندرا.

ناوبراو هەروەها باسی لە ئامانجی ڕاگەیاندنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات کرد و وتی: "بۆ ئەوەی بتوانین حوزوورێکی بەردەواممان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبێت‌ و هەروەها بۆ ئەوەی بتوانین پاڵپشتی خەبات لە ڕۆژهەڵاتدا بین، ڕاسانی ڕۆژهەڵاتمان ڕاگەیاند".

بەهرامی لە درێژەی وتەکانیدا، ئاماژەی بە کۆسپ ‌و گرفتەکانی بەردەم ڕاگەیاندنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات کرد و وتی سەرەڕای ئەو گرفتانە توانیمان هێزەکانمان لە شاخ جێگیر بکەین ‌و دواتر ڕەوانەی شارەکانی کوردستان بکرێنەوە.

هەروەها بەهرامی باسی لەوەش کرد کە هەر وەک هەمووان دەزانن، بە خەباتێکی خوێناوی دەستمان پێ کرد.

بەهرامی وتیشی کە بەهۆی بوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە کوردستان، ڕێژیم هەوڵی داوە بە تێچووی زۆر و هێنانی چەکوچۆڵ ‌و تێکنۆلۆژیی پێشکەوتوو، نەیتوانیوە لە کوردستاندا جێی خۆی بکاتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەو حاڵەش، خەڵکی کوردستان هەمیشە هاوکاری هێزی پێشمەرگەیە و وێڕانی بوونی هێزی زۆری ڕێژیم لە سنوورەکان، تیمەکانی پێشمەرگەی کوردستان توانیویانە بچنە ناو خاکی کوردستان.

بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەروەها ئاماژەی بە ڕاهێنان ‌و ئامادەبوونی هێزی زۆری پێشمەرگە و پەیوەستبوونی لاوانی کوردستان بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە کرد کە سەرەڕای دۆخی نالەباری ئێستاکە و تەنانەت بوونی کۆرۆناش، نەیتوانیوە پێش بە هاتنی لاوان بۆ نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە بگرێت.

"کاوە بەهرامی" ئاماژەی بە دوو بەرابەر بوونەوەی چالاکی ‌و حوزووری هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە هێزی پێشمەرگەی بە هۆکاری سەرکەوتنی پێشمەرگە لە چالاکییەکاندا لەقەڵەم دا.

بەهرامی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "باشترین مێکانیزم بۆ ئاڵوگۆڕەکان بوونی ئاڵترناتیڤێک‌ و ئۆپۆزیسیۆنێکی باش لە ئێراندایە. ئاڵترناتیڤێکی یەکگرتوو کە بتوانێت وڵامدەری هەلومەرجی ئێستای شۆڕشی گەلانی ئێران بێت". هەروەها بەنیسبەت کوردستانیش، بەهرامی جەختی لەسەر پێویستیی بوونی یەکیەتی ‌و هاوکاریی کردەیی هەمەلایەنەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد کردەوە کە دەتوانێت داهاتووی گەلی کورد مسۆگەر بکات ‌و چارەسەر بێ بۆ ئەوەی تووشی کێشەی ناوخۆیی نەبینەوە.

لە کۆتایی وێبینارەکەدا، چەند پرسیارێک ئاراستەی "کاوە بەهرامی" کران ‌و ناوبراو وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.