بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان كۆمیتەی ڕێكخستنی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە سكاندیناوی لە دەرەوەی وڵات وێبیناریکی بەڕێوە برد.
كۆمیتەی ڕێكخستنی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە سكاندیناوی بەبۆنەی ١٠ی خاكەلێوە ڕۆژی شەهیدان كوردستان وێبینارێكی بەرفراوانی بەڕێوە برد، لەو وێبینارەدا میوانداریی لە "محەممەدنەزیف قادری" جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب و "عەبدوڵڵا حیجاب" تێكۆشەر و چالاكی سیاسیی کرابوو.
ئەو وێبینارە ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٣ی ئاوریل کاتژمێر ١٩:٠٠بە كاتی ناوەندیی ئوروپا و بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبیی دەستی پێكرد.
ئەو وێبینارە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی حیزب و گەل، دەستی پێکرد.
دواتر لەلایەن "سلێمان كەڵەشی"، بەرپرسی ڕێكخستنی حیزب لە سكاندیناوی وتاری بەخێرهێنانی پێشكەش كرد.
ناوبراو لە وتەكانیدا وێڕای سپاس بۆ بەشداریی سەرجەم میوان و ئامادەبووان، تیشكی خستە سەر هێزی یەكبوون و پێویستیی یەكدەنگیی هێزە كوردییەكان بەتایبەت دێموكرات و هیوای خواست ئامۆژگاریی ڕێبەرانی شەهید بەتایبەت پێشەوای نەمر بكەینە سەرمەشقی كاری خۆمان كە ئەویش یەكبوون و یەكگرتنه هەتا بەسەر دوژمنی هاوبەشدا سەركەوتوو بین.
پاشان "محەممەدنەزیف قادری" وتارەكەی خۆی پێشكەش كرد و تێیدا باسی لە مێژووی كۆماری كوردستان و پێگەی شەهیدانی ١٠ی خاكەلێوە كرد و ئاماژەی دا پاش ٧٤ ساڵ لە شەهیدكرانی پێشەوا و هاوڕێیانی هێشتا سەرمایەی گەلی كورد و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانن.
ناوبراو شەهیدانی خاكەلێوەی بەمایەی سەرفرازی بۆ هەموو گەلی كورد وەسف کرد و ڕوونی كردەوە كە حیزبی دێموكرات بەرهەمی شەهیدانە و لەسەر ڕێبازی شەهیدانە. هەروەها گرینگیی بە یەكبوونی هێزە كوردییەكان دا و نەیشاردەوە كە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران زۆر بە پەرۆشە و بەردەوامە لەسەر یەكخستنەوەی دێموكرات و كاری بەردەوامی بۆ دەکات.
لە بەشێكی تردا، قادری ڕوونی كردەوە كە حیزبی دێموكرات لە هەموو قۆناغ و هەلومەرجەكاندا شەهیدی بە مەزن و ڕێگەپێشاندەر داناوە و شەهیدانی كورد و كوردستان بەبێ جیاوازیی بۆچوونی سیاسی بە یەک چاو سەیر دەكات و لەپێناو چەسپاندنی ئەم سیاسەتەشدا هەوڵی زۆریان داوە لە ناوەندی هاوكاریی هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات لەسەر بەها هاوبەشەكان بۆ نموونە شەهید ڕێک بكەون.
پاشان، "عەبدوڵڵا حیجاب" لە وتارەكەی خۆیدا پێداگری لەسەر هزری نەتەوەیی و پێویستیی یەكبوونی بۆ سەرخستنی كێشەی كورد لە ڕۆژهەڵات كرد.
"حیجاب" باسێكی ورد و هەمەلایەنەی لەسەر دۆخی هەنووكەیی كورد لە ڕۆژهەڵات و ئێران پێشكەش كرد و ڕوونی كردەوە كورد ناچارە بە دوو شت: "یەكبوون و هەڵكردن" لەگەڵ نەتەوەكانی تری دراوسێیی بۆ نموونە ئازەرییەكان.
لە بەشێكی تردا ناوبراو ئاماژەی بە لایەنی تیئۆری خەباتی سیاسی كورد لە ڕۆژهەڵات كرد و یەكبوون و تێگەیشتن و تازەبوونەوەی لەسەر بنەمای تازەگەری و "عەقڵانیەت" وەك پێویستییەک و ڕەمزی سەركەوتن ناو برد و ئاشكرای كرد كە هەوڵەكان بۆ یەكخستنەوەی حیزبی دێموكرات پێویستیی بە هەوڵی زیاتر و كاری باشتر هەیە هەتا لە ئامانجە گەورەكە نێزیک بینەوە و هاوكات بتوانین لەگەڵ ڕووداوەكاندا خۆمان بگوونجێنین.
پاشان، بەشداران دەرفەتی ئەوەیان پێدرا بە پرسیار و بۆچوون بەشدار بن و كۆمەڵێک پرسیاری ورد و گرینگ لە میوانەكان كرا كە لەلایەن هەر دوو میوان"محەممەدنەزیف قادری" و "عەبدوڵڵا حیجاب" وڵامیان درایەوە.