کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبیناری ٢٢ی پووشپەڕ لە هەرێمی ڕێکخستنی "سکاندیناڤی" بەڕێوە چوو

13:38 - 26 پووشپەڕ 2721

بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" و هاوڕێیانی وێبینارێک لە هەرێمی ڕێکخستنی "سکاندیناڤی" بەڕێوە چوو.

شەوی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لەلایەن هەرێمی ڕێکخستنی "سکاندیناڤی" حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، وێبینارێکی تایبەت بە ٣٢هەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور "قاسملوو" و هاوڕێیانی، بە بەشداریی "تەیموور مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزب ‌و "کەماڵ مەجیدپوور" کەسایەتی ‌و چالاکی سیاسی بەڕێوە چوو.

سەرەتا، وێبینارەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی، بەمەبەستی ڕێزگرتن لە خەبات‌ و گیانفیدایی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر "کاکەبرا ئەلیاسی" جێگریی بەرپرسی ‌هەرێمی رێکخستنیی "ئیسکاندیناڤی"، وتەیەکی پێشکەش کرد. ناوبراو وێڕای ئاماژەکردن بە شەهیدکرانی دوکتور "قاسملوو" و هاوڕێیانی وتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو باوەڕەدا بوو کە بە شەهیدکردنی دوکتور "قاسملوو" حیزبی دێموکرات تووشی نسکۆ دەکات ‌و خەباتی کورد لە کوردستان تووشی ئاشبەتاڵ دەبێت".  بێ‌ خەبەر لەوەی کە دوکتور "قاسملوو" لە تەواوی ڕێبەریکردنی لە حیزبدا، لە پێگەیاندن‌ و پەروەردەکردنی کادرەکانی ڕێبەریی حیزب غافڵ نەبوو و سەدان‌ و بگرە هەزاران ڕۆڵەی بەئەمەگی پێ گەیاندوون کە دەتوانن ڕێبەرایەتیی حیزب لە هەر حاڵەتێکدا وەئەستۆ بگرن.

بەشێکی دیکەی وێبینارەکە تایبەت بوو بە وتەکانی "تەیموور مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

"مستەفایی" سەرەتای وتەکانی بە ئاوڕدانەوە لە کەسایەتی دوکتور قاسملوو دەستی پێ کردوو وتی: "قسەکردن لەسەر دوکتور "قاسملوو" هەم ئاسانەو هەم سەختە".

ئاسانە بۆ ئەوەی دەزانین دوکتور "قاسملوو" خاوەنی هەنبانەیەک لە بیر و باوەڕی چەسپاو و دێموکراتیک ‌و پێشکەوتووانە و نەتەوەییە کە لە هەر گۆشەیەکەوە لێی بڕوانی دەتوانی بە چەندین کاتژمێر قسەی لەسەر بکەی.

 سەختە لەبەر ئەوەی کە ئەگەر هەر جۆر قسەی بکەی، لەوانەیە نەتوانی بەو جۆرەی کە پێویستە، حەقی خۆی پێ بدەی‌ و دەتوانم بڵێم دوکتور "قاسملوو" لە سەرەوەی ئەوەیە."

لە درێژەدا "تەیموور مستەفایی" باسی لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیان‌ و خەباتی دوکتور "قاسملوو" کرد و ئاماژەی بە دەور و کاریگەریی دوکتور "قاسملوو" لە حیزبی دێموکرات‌ و لەسەر خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان کرد.

 هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی دوکتور "قاسملوو" بۆ جیاکردنەوەی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە حیزبی توودە کرد کە ئاکامێکی دڵخوازی لێ کەوتەوە و بوو بەهۆی سەربەخۆیی سیاسی‌ و تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان.

"مستەفایی" بە ئاوڕدانەوە لە خەباتی بزووتنەوەی کورد لە کوردستان‌ و سەپاندنی شەڕ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەسەر نەتەوەی کورددا، ڕوونی کردەوە کە حیزبی دێموکرات بە هەڵبژاردنی بژاردەی "بەرگریکردن" بڕیاری دا کە تەسیلمی زوڵم‌ و زۆری حکوومەتی تاران نەبێت. بۆیە لە شەڕێکی سەخت‌ و دژواردا، کە بە "شەڕی سێ مانگە" بەناوبانگە، کورد و حیزبی دێموکرات توانییان شکست بە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بێنن‌، هەتا ئەوەیکە تاران ناچار بوو داوای وتووێژ بکات. بۆیە هەیئەتیان نارد بۆ کوردستان. ئەگەرچی بۆ حیزبی دێموکرات و بۆ دوکتور "قاسملوو"ش ڕوون بوو کە ئامانجی هەیئەتەکە فریودانە نەک ئەوەی کە بیانەوێ مەسەلەی کورد چارەسەر بکەن.

"مستەفایی" هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە خەباتی دوکتور قاسملوو لە کوردستاندا کاریگەری خۆی هەبووە و خوێندکاران ‌و لاوانی کورد، دوکتور "قاسملوو" بە سونبولی خۆیان دەزانن و ساڵانە یادی دەکەنەوە و لە شەقامەکاندا درووشمی "قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە" دەڵێنەوە.

لەم بارەوە باسی لەوە کرد کە ئێمە پێویستە بە جێگای ناساندنی کەسایەتییەکانی دیکە وەک سونبول، ڕێبەرانی نەتەوەکەمان ‌و یەک لەوان دوکتور "قاسملوو" بکەین بۆ نموونە و سونبول بۆ خەڵکەکەمان‌ و لەم بارەوە پێویستە هەوڵی زیاتریش بدەین.

لە کۆتایی وتەکانیدا "مستەفایی"  بە جەختکردنەوە لەسەر ئەرکی تاکەکانی کورد وتی: "ئەرکی ئێمە شکاندنی دوژمنە" و بۆیە داواتان لێ دەکەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا قسەی بچووک، گەورە مەکەنەوە. دەبێ یەکگرتوویی بۆ ئێمە گرینگترین مەسەلە بێت. تا ئێستا خاڵی لاوازی ئێمە نایەکگرتوویی ‌و دووبەرەکایەتی بووە و دوژمن هەمیشە لەوە کەڵکی وەرگرتووە و دەبێت ئێمە ئەوە کۆتایی پێ بێنین.

ناوبراو لە درێژەی وتەکانی داو وتی: "من ناڵێم بیر و باوەڕی جیاواز نەبێت، لەوانەیە من لەگەڵ رەفیقەکەی خۆشم کە لە تەنیشتمە، لە بڕێ شت وەکوو یەک نەبین و وەکوو یەک بیرکردنەوە نیشانەی دیکتاتۆریە، بەڵام دەتوانین وەکوو یەکیش بیر نەکەینەوە و لەگەڵ یەکتر قسە بکەین‌ و یەکتر بە قەناعەت بگەیەنین."

لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا، "کەماڵ مەجیدپوور" وتەکانی خۆی پێشکەش کرد.

"مەجیدپوور" لەسەر کەسایەتی "دوکتور قاسملوو وەک بیرمەندێک" کە بەرهەمهێنەر و داهێنەری فکر بوو، دەستی پێ کردو وتی: "هەر بەو پێیەش سەرچاوەی ئیلهام بوو بۆ ئێمە و بۆ لاوانی "سنە، ورمێ، کرماشان و ئیلام کە بیر بکەنەوە، کێن، لە کوێڕا هاتوون ‌و دەبێ بەرەو کوێ بچن".

"مەجیدپوور" لە درێژەدا باسی لە تایبەتمەندییەکانی بیرمەند و ئەندیشمەندێک کرد و بەرهەمهێنانی "فکر"ی وەک گرینگترین تایبەتمەندی هەر بیرمەندێک لە قەڵەم دا. بەو واتایە کە کەسێکی "بیرمەند و زانا، لاساکەرەوە نیە، بەڵکوو نەزەر و بۆچوونی خۆی هەیە لەسەر کۆمەڵگایەکی ئینسانی" لەو بارەوە وتی: "ئەندیشمەندێکی رەخنەگرە، فکری چەقیو و بەسراو نییە، بە بەردەوامی لە هەوڵی فێربوون‌ و فێرکردن دایە کەسێکی ئەندیشمەندە، فکرو بەرنامەکانیشی دەبنە ئیلهام‌ و رێگایەک‌ و چرایەک بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجێک لە کۆمەڵگایەکدا" و باسی لەوە کرد کە ئەم تایبەتمەندییانە لە کەسایەتی دوکتور "قاسملوودا" بە ڕوونی دیارن.

"مەجیدپوور" لە درێژەی باسەکەیدا، بیروباوەڕە مرۆڤییانەکانی دوکتور قاسملووی" وەبیر هێنانەوە و باسی لە گرینگی هەوڵدانیی بەکردەوەی دوکتور "قاسملوو" کرد لەو پێناوەدا.

ناوبراو ئاماژەی بە بیروباوەڕەکانی شەهید دوکتور "قاسملوو" کرد کە چەندە گرینگی بە ئازادی، دێموکراسی ‌و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر دەدا.

"کەماڵ مەجیدپوور" لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتی: "دوکتور قاسملوو تەنیا رێبەرێکی کوردە کە دەستی‌ دابووە کارێکی سیاسی کە هەر لە منداڵییەوە خەریکی بوو. بەڵام ئەو پێش ئەوەی کە ببێت بە ڕێبەری سیاسیی کۆمەڵگاکەی لە (کتێبی) "کوردستان‌ و کورد"دا بۆ ماوەی چوار ساڵ بە دیققەت، خەریکی کێشەی کورد بووە. لەسەر مەسەلەی کورد خەریکی لێکۆڵینەوە بووە کە ئاکامەکەی بووە بە "کوردستان ‌و کورد" و کاتێکیش کە "کوردستان‌ و کورد" ئەو لە فکردا، لە ئەندێشەدا، ئەو کاتە بە کردەوە دەستی دایە خەباتێکی هەدەفمەندانە و ئاگاهانە.

هەر لەسەر تایبەتمەندییەکانی دوکتور "قاسملوو"، "مەجیدپوور" باسی لەوە کرد کە حیزبی دێموکرات‌ و دوکتور "قاسملوو" هەرگیز لە ئامرازگەلی نابەجێ بۆ سەرکوتی بۆچوونە جیاوازەکان کەڵکیان وەرنەگرتووە. بە پێچەوانەوە دوکتور "قاسملوو" پێی وابوو دەبێت تەنانەت لە جیاوازییەکان کەڵکی باش وەربگیرێت ‌و وتی: "بۆیە لە هیچ جێیەکی کوردستان نەماندیتووە کە ئەندامێکی حیزبی دەست بۆ چەک بەرێت بۆ ئەوەی مزگەوتێک خراب بکات، بۆ ئەوەی کە ماڵی موسڵمانێک تێک بدات یا بۆ ئەوەی کە ئەهلی حەقێکی زیندانی بکات. چوونکە ئەوە لە فەرهەنگی مۆدێڕندا تێلۆرانسی تێدا نیە، ئەوە سەرکوتە و حیزبی دێموکرات ‌و دوکتور "قاسملوو" باوەڕیان بەوە نەبووە کە دەبێ ئینسانەکان‌ و ئیدەکان سەرکوت بکرێن.

"کەماڵ مەجیدپوور" لە درێژەی وتەکانیدا، ئاماژەی بە چەندین تایبەتمەندی دیکەی ڕێبەری نەمرمان دوکتور "قاسملوو" کرد لەوانە خۆ بە بەرپرس زانین و وەڵامدەربوون لە بەرانبەر کۆمەڵگادا، ئەندامانیی حیزب‌و هێزە سیاسییەکانی دیکەدا. هەروەها ئاماژەی بە لێهاتوویی ‌و شارەزایی دوکتور "قاسملوو" لە پێوەندیگرتن لەگەڵ کەسایەتییە جیهانییەکان ‌و ناساندنی مەسەلەی کورد.

پاش وتەکانی "تەیموور مستەفایی‌ و کەماڵ مەجیدپوور" بەشداران پرسیارەکانی خۆیان هێنایە گۆڕێ ‌و کۆڕگێڕەکان، بە وردی وەڵامی پرسیاری بەشدارانیان دایەوە.