کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبینارێک بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدانی "میکۆنووس" لەلایەن "حەسەن شەرەفی" بەشێوەی ئانلاین بەڕێوە چوو

13:13 - 29 خەرمانان 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی وێبنارێک بە بەشداری ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخستنی گشتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات لە ڕێگای تۆڕی "زووم" کە هاوکات لە  تۆڕەکۆمەلایەتییەکانی وەک فەیسبووک ڕاستەوخۆ بڵاو دەکرایەوە لەلایەن "حەسەن شەرەفی" جێگری یەکەمی لێبرسراوی گشتی و بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاورێیانی بەرێوە چوو.

ئەو وێبینارە لەلایەن ڕێکخستنی گشتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات بۆ هەرێمەکانی ئورووپا و "سکاندیناڤی" ئامادە کراوبو.

"حەسەن شەرەفی" وێڕای تیشک خستنە سەر هۆکارەکانی بە ئامانج گرتنی ڕێژیمی ئێران هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکاری ئەم ڕێژیمەوە هەتا ئەمڕۆ حیزبی دێموکرات باسی ڕۆڵ و کاریگەریی شەهید  دوکتور "سەعید" چ پێش شەهیدبوون و چ دوای شەهیدکرانی دوکتور "قاسملوو" کرد و وتی: "ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی وابوو بەشەهیدکردنی دوکتور "قاسملوو" دەتوانێ حیزب و جووڵانەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەنێو بەرێ، بەڵام بێ ئاگا لەوەی کە حیزبی دێموکرات بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی ڕابردوو وا بارهاتووە کە لە دوای شەهیدبوونی هەر ڕێبەرێکی، دەیان و سەدان ڕێبەری دیکەی لە خەبات پەروەردە کردووە، کە جێگای ڕێبەرانی شەهید و پێشوو پڕ دەکەنەوە، کە بەحەق دوکتور "سەعید" ڕێبەرێکی تەواو هەڵکەوتوو و ڕێبوارێکی ڕاستەقینەی ئەو ڕێبازە بوو.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا "شەرەفی" تیشکی خستە سەر کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرێژەی تەمەنی نگریسیدا دژ بە تێکۆشەرانی کورد لەهەر چوار بەشی کوردستان و بە تایبەتی   تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات و وەک نموونەش باسی دوایین هەوڵی دووژمن کارانەی ئەو ڕێژیمەی بە  نیسبەت کوردستانی باشوور و دەستێوەردانەکانی لە عێراق و وڵاتانی ناوچە و تۆپ و مووشەکبارانکردنی سنوورەکان و تەنانەت قووڵایی خاکی باشووری کوردستان کرد و وتیشی کە نە هەرێمی کوردستان هەمان شوێن و جێگای موجاهیدینە و نە حێزبی دیموکراتیش ئەوەیە کە دووژمن بیری لێ دەکاتەوە.

 "حەسەن شەرەفی" لە کۆتایی قسەکانیدا وتی" ئێمە خەباتمان بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەڵ هەروا درێژە دەدەین و هیچ کۆسپ و تەگەرەیەکیش نامان وەستێنی و هەڕەشە و گوڕەشە کانی کۆماری ئیسلامیش قەت چۆکی نەلەرزاندووین و لەهەمان حالیشدا ڕێوشوێنی پاراستنی خۆمان و بۆ بەرەوپێش چووونی خەباتەکەشمان دەگرینە بەر.