کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵیادی لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو

10:17 - 5 رێبەندان 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی "فینلاند"، لە یادی ٧٦ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان وێبینارێکی بەڕێوە برد.

سەرەتای وێبینارەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خەبات‌ و گیانفیدایی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان "کەریم حەبیبی" بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە فینلاند، بەم بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد. لە بەشێکی پەیامەکەیدا، حەبیبی وێڕای پیرۆزبایی ئەم بۆنە مێژووییە، ئاماژەی بە تایبەتمەندییەکانی کۆماری کوردستان کرد ‌و ئاوڕی لە هۆکارەکانی دامەزرانی کۆمار دایەوە.

ناوبراو باسی لەوە کرد کۆماری کوردستان لە قۆناغێکی هەستیاردا دامەزرا کە لەوانەیە لەم کاتەدا بۆ ئێمە ئاسان بێ بە چەند ڕستەیەک باسی ئەو سەردەمە بکەین بەڵام بە چاوخشاندنێک بەسەر دۆخی ئەو کاتی ئێران‌ و ناوچەدا، بوێری‌ و ئازایەتیی پێشەوای نەمر و ڕێبەرایەتیی ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانمان بۆ دەردەکەوێ، بەو مانایە کە لەگەڵ ئەوەی لە ئێران‌ و ناوچەدا سیستم ‌و حکوومەتگەلی دیکتاتۆر لەسەر کار بوون، حیزبی دێموکرات ‌و پێشەوا قازی محەممەد توانییان کۆمارێکی دێموکراتیک لە پارچەیەکی کوردستان دابمەزرێنن‌‌.

لەگەڵ ئەوەیکە تەمەنی ئەم کۆمارە کەم بوو، بەڵام دامەزرانی ئەو کیانە سیاسییە هیوا و ئومێدێک بووە بۆ هەموو کوردەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا "سدیق بابایی" وەکوو کۆڕگێڕی ئەم وێبینارە، سەبارەت بە ٧٦ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان، باسێکی پێشکەش کرد.

لە سەرەتای وتەکانیدا "بابایی"، خەبات ‌و تێکۆشانی پێشمەرگەی وەکوو یەکێک لە یادگارەکانی کۆمار بەرز نرخاند.

ناوبراو دووپاتبوونەوەی کۆماری وەکوو واقعییەت و ئارەزوویەک بۆ هەمووان ناوزەد کرد  و دۆخی خراپی هەنووکەیی بە هۆکار زانی بۆ درەنگ گەیشتنی کورد بە ئامانجەکانی.

"بابایی" لە درێژەی باسەکەیدا وتی: "کۆمار لە باوەڕی هەنووکەدا زۆرتر بووەتە مێژوو تا ئەوەی کە وەکوو سیستم لە ژیانی رۆژانەی ئێمەدا دەور بگێڕێ و ئارەزووشی کرد کە ئەم مێژووە جارێکیتر ببێتەوە بە سیستمی ڕۆژانەمان".

 هەروەها وتی: "ئێمە لە ئاوێنەی مێژوودا خۆمان دەبینینەوە. دەبێ چاو لە مێژوو بکەین تا ڕابچڵەکێین‌ و بزانین ڕابردوومان چ بووە، کێشەکانمان چ بوون‌ و چۆن دەبێ چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە."

"سدیق بابایی" لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە ناوچەی موکریان ‌و بەتایبەت شاری مەهاباد، وەکوو شوێنی دامەزرانی کۆماری کوردستان و ڕۆڵی پێشەوای لە دامەزراندنی ئەو کۆمارەدا بەرز نرخاند.  

ناوبراو، هەر لەو پێوەندییەدا چەن بەڵگەیەکی سەردەمی کۆماری وەک نموونە نیشان ا، لەوانە گۆڤارەکانی "نیشتمان"، "هاوار"، "هاواری کورد" و "رۆژنامەی کوردستان". "بابایی" ئەو بەڵگانەی وەکوو شانازییەکانی ئەو سەردەمە دەستنیشان کرد و بە خاڵێکی وەرچەرخانی لە قەڵەم دا کە لە سەردەمی کۆماردا، گرنگی دراوە بە خوێندەواری ‌و رۆژنامەگەری ‌و زانست ‌و گەشەکردنی بیری رۆشنبیری کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی."

"سدیق بابایی" لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا، ئاماژەی بە سەردەمی ئێستا و گرفتەکانی بەردەم خەباتی نەتەوایەتیی کورد کرد و ڕێژیمی ئێرانی بە کۆسپێکی گەورە لە قەڵەم دا لەبەردەم گەیشتنی کورد بە ئامانجەکانیدا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا "بابایی"، ئاماژەی بە سنووری هاوبەشی نێوان کورد و تورکی ئازەری کرد و وتی کە دەوڵەتی تورکییە لە هەوڵی درووستکردنی ئەرتەشێکی تورک دایەوە و لە داهاتوودا دوور نییە کە لەگەڵ کورد لەسەر سنووری هاوبەش ‌و ناوچەکانی کوردستان، شەڕ و گرفت بۆ کورد دروست بکا.

ناوبراو جەختی لەسەر ئەو ڕاستییەش کردەوە کە کەس ‌و لایەنی واش هەن کە خوازیاری شەڕ نین‌ و ڕێبەرانی کورد دەبێ هەر لە ئێستاوە لە گەڵ ئەو کەس ‌و لایەنانە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بدەن.

پاش وتەکانی سدیق بابایی، بەشداران، بە پرسیار و تێبینی، باسەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و لەلایەن کۆڕگێڕیشەوە، وەڵامی پرسیارەکان درایەوە.