کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو

16:57 - 4 رێبەندان 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٢ی ژانەویەی ٢٠٢٢ی زایینی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید بۆ یادی ٧٦ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان، وێبینارێکی بە کۆڕگێڕیی ''تاهیر عەلیار'' چالاکی سیاسی و شارەزا لە بواری مێژوو، ''عەبدوڵڵا حیجاب'' چالاکی سیاسی و ''تاهیر مەحموودی'' بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات پێک هێنا.

سەرەتای وێبینارەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان لەلایەن خاتوو ''ئاوارە جەلالی'' بەڕێوەبەری وێبینارەکە، وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان ڕیزبەندی کاری وێبینارەکەشی خستە بەرچاوی بەشداربووان.

هەروەها ''ئەبوبەکر ڕەحمانی'' بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید پەیامی کۆمیتەی خوێندەوە.

پاشان پەیام و بروسکەکان لەلایەن نوێنەری ڕێکخراوەکان خوێندرایەوە. بە دوای ئەوەدا شێعرێک لەلایەن ''عەنایەت دەشتی'' ئەندامی کۆمیتەی حیزب خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا ''تاهیر عەلیار'' بابەتێکی لەژێر ناوی چۆنیەتیی ڕەخساندنی هەلومەرجی نێونەتەوەیی بۆ دروستبوونی کۆماری کوردستان و لەو بوارەدا باسێکی بە پێز و مێژوویی بە دێکۆمێنتەوە پێشکەش کرد.

پاشان هاتە سەر داواکاریی کوردەکان و سەرهەڵدانی شۆڕش لە شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات. پێداگرتن بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا ''قازی محەممەد''ی نەمر، هەوڵی دڵسۆزانەی کورد بۆ ئاشتی و تەبایی لەگەڵ دراوسێ و غەیرە کوردەکان.

تاهیر عەلیار لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە چەند خاڵی گرینگ و ڕووداوی مێژویی و جوغرافی کرد وەک پیلانگێڕیی دوژمنانی کورد و کۆمار و خەباتی کوردەکانی شکاک و کوردەکانی دانیشتووی خوراسان پێشکەش کرد.

پاشان ''عەبدوڵڵا حیجاب'' تێکۆشەر و چالاکی سیاسی بابەتێکی لەژێر ناوی کۆماری کوردستان و دروستبوونی سیستەمێکی سیاسی پێشکەوتووی دادپەروەرانە بەپێی هەلومەرجی ئەو سەردەمە و دروستبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان و ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ بە تایبەتی پاکی و بوێری و ژیریی پێشەوای نەمرە کە کاریگەرییەکانی لەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستاندا دەدرەوشێتەوە، پێشکەش بە بەشداربووانی وێبینارەکە کرد.

لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا ''تاهیر مەحموودی'' بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بابەتێکی گرینگ و بە پێزی لەژێر ناوی تێکۆشەرانی ڕێگای کۆمار و خەباتی بێوچانی تێکۆشەرانی دێموکرات لە پاش کۆماری کوردستان تا ئەمڕۆ پێشکەش کرد.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە نەخش و کاریگەریی ڕێبەرانی نەمر و کاریزماتیکی حیزبی دێموکرات وەک پێشەوا ''قازی محەممەد"، ''دوکتور قاسملوو'' و دوکتور ''سادق شەرفکەندی'' و درێژەدەرانی ڕێبازی شەهیدان کرد.

بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر بەردەوامبوونی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات کردەوە و وەفاداربوونی پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی ڕێبازی کۆمار و ڕێبەرە شەهیدەکانمانی وەک زامنی سەرکەوتن ناو برد.

لە کۆتاییدا پێشکەشکاری وێبینارەکە و بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب ''ئەبوبەکر ڕەحمانی''، وێڕای پیرۆزبایی یادی کۆمار سپاسی کۆڕگێڕان و بەشداربووانی وێبینارەکەی کرد.