کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی سوئیس بەڕێوە چوو

12:03 - 8 رێبەندان 2720

وێبیناری ٢ی ڕێبەندان ٧٥مین ساڵی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەوڵاتی سوئیس بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

لە و مەراسمەدا دوکتور "حوسێن خەلیقی" مامۆستای بواری فەلسەفە و مامۆستا مەلا "ئیبراھیم  مەجیدپوور" چالاکی سیاسی بەشدار کرابوون.

ھەروەھا دوو ھوونەرمەندی نیشتمانپەروەر "کاوە ئورمیە و کامڕان ڕامان"، بانگھێشت کرابوون.

سەرەتا مامۆستا مەلا "ئیبڕاھیم مەجیدپوور"  لە وتەکانی خۆی لەسەر کۆمار و کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد قسەی کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد لەھەموو جیھاندا ڕۆژانێک ھەن کە یان گەلەکەیان سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە یان خەساری گەورەیان بەرکەوتووە و ھەموو ساڵێک بە حەماسەوە یادیان دەکەنەوە، بۆ سەرکەوتنەکان و دەستکەوتەکان جێژن گیراوە و بۆ خەسارەکەش ماتەمین و یادی بەخێر.

٢ی ڕێبەندان گرینگترین و خۆشترین ڕۆژی کورد، بە گشتی و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە تایبەتییە، لە ٧٥ـەمین ساڵیدا ئێمە جێژنی بۆ دەگرین، خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کۆمار لەبەر ڕووناکیی ئەودا و لەژێر لەرینەوەی ئاڵای کوردستاندا درێژەی ھەیە.

 تەمەنی کۆمار لەو ماوە کورتەدا ئەو ئەرکە گەورەیەی بەجێھێناوە؛ بەرنامە و چوارچێوەیەکی بۆ خەبات داڕشتراو بەجێھێشت کە نیشاندەری ڕادەی شعووری نەتەوەیی و سیاسی گەلە و لەو سەردەمیدا ئەو ڕادەیە چاوەڕوان نەکراو بوو.

حاشا لەوە ناکرێ کۆمار مڵکی کوردستانییانە، پێشەواش سەرکۆمارە، بەڵام حیزبی دێموکراتیش ئەو شانازیەی پێ بەخشراوە کە ڕێبەرەکەی دامەزرێنەر و یەکەم سەرکۆماری کوردستانە.

دوای قسەکانی مامۆستا مەلا "ئیبراهیم مەجید پوور"، ھونەرمەند "کاوە ئورمیە" دوای پیرۆزبایی ٢ی ڕێبەندان، کۆماری کوردستانی بە دەستکەوتی پڕبایەخ و گرانبەھا وەک چرایەکی پڕشەنگدار بۆ ھەموو ئازادیخوازان و ھەموو ھێز و حەرەکەتی کوردستانی ئەوانەی بە دڵخواز بۆ سەرکەوتنی کوردستان تێکۆشینێ دەکەن و گیانی خۆیان فیدا دەکەن بۆ گەلی کورد، بە سەرفەرازی و سەربەرزی وەسف کرد.

ناوبراو وتەی پێشەوای نەمری دووپات کردەوە: "چ دەبێ با بێ، باوە ڕبە دووژمنی خۆتان مەکەن، یەکیەتی و یەکگرتوویی خۆتان لەبیر مەکەن".

هونەرمەند "کاوە ئورمیە" لە درێژەی ئەو مەڕاسمەدا گورانیەکی نیشتمانیی بە ناوی "کوردستان" پێشکەش کرد.

دواتر دوکتور "حوسێن خەلیقی" بە پیرۆزباییکردنی ئەم ڕۆژە باسێکی زانستیی لەسەر چۆنیەتی درووستبوونی كۆمار خستە بەر باس ؛ مێژوو، کۆمەڵانی خەڵک دەیخوولقێنن و ڕەوشەنفکران و خاوەنبیرەکان نەخشە ڕێگا دەدەن و حەرەکەتی مێژوو دەخەنە سەر جادەی ڕاستەقینەی بەرەوپێشچوون و سەرکەوتن و ڕووداوەکان دەستکردی ئینسانەکانن.

لە باسی کۆماری کوردستان سێ هەتا چوار بەڵگە ھەیە کە کۆماری کوردستان لەو کات و ساتەدا بەدەستی ئەو پیاوە دلێر و قارەمان و چاونەترسانە لەدایکبووە، یەکەم شەڕی جیھانیی دووھەم کە زلھێزەکان ھاتوونەتە ئێران و سیستمی پاشایەتیان لەبەین برد و دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەھێز نەما و بڕیاردەران "ئینگلیس و ئامریکا و ڕووسیە"ن.

ڕووداوی دووھەم وجوودی ئەو زلھێزانەیە لە کوردستان و ئێران، بەستێنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێتە پێشەوە هەتا ئەو ویستە سەرکووتکراوە سەرھەڵدا و چرۆ بکا و "کۆمەڵەی ژێ.کاف" خەباتی خۆی ئاشکرا بکا و بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە و ئەو ڕەوشەنفکرانەی حیزبی دێموکراتیان دامەزراند و دواتر کۆماری کوردستانیان ڕاگەیاند.

لە بڕگەیەکی تردا ھونەرمەند "کامڕان ڕامان"  دوای بەرز نرخاندنی یادی ٢ی ڕێبەندان، ئاماژەی بەوە کرد لەسەردەمی کۆماردا ھونەر گرینگیەکی تایبەتی ھەبووە و شاعیران و ھونەرمەندان ڕێزی تایبەتیان لێ گیراوە.

 ھونەرمەندان ڕۆڵێکی تایبەتیان ھەبووە لەسەرخستنی شۆڕش؛ سیاسییەکانی ئێمە کاری زۆر گەورەیان کردووە بۆ خزمەت به خەباتی نەتەوەکەمان بەڵام ئێستاش ئەو سروود و گۆرانیە شۆڕشگێڕیانە لەبیر و فکری خەڵکدا لەبیر نەکراوە کە بۆ خزمەت بە خەباتەکەمان خولقێندراوە.

ھونەرمەند "کامڕان ڕامان" وتی کە سیاسییەکان و تاکی کورد دەبی بەرپرسیار بن بەرامبەر بە سامانی گەلەکەیان ئەو خەباتە دەکرێ بە گوێگرتن بە موزیکی ڕەسەن و شێعر و ھەڵبەستی شاعیرانی نەتەوەیی کورد ھەروا بڵێسەدار بمێنێتەوە.

دواتر ئەو ھونەرمەندە گورانییەکی سەمفۆنیکی بە ناوی" ڕوحی سۆزی گریان" پێشکەش کرد.