ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندان بەبۆنەی ٧٦ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە دەستی پێشەوا "قازی محەممەد" و بە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، کۆمیتەی حیزب لە ڕۆژاوای کانادا وێبینارێکی بە بەشداریی "ڕۆستەم جەهانگیری" بەرپرسی دەزگای چاودێری و بەدواداچوونی حیزب و ژمارەیەک لە ئەندامان و دۆستانی حیزب بەڕێوە برد.
وێبینارەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەکەمان دەستی پێ کرد و دواتر بەڕێوەبەری کۆڕ "ئیسماعیل ئیبراهیمی" بە کورتی لەسەر پیرۆزییەکانی کۆمار دوا.
پاشان "سەعدی عەبدی" بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ڕۆژاوای کانادا، پەیامی کۆمیتەی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد و وێڕای پیرۆزبایی و ڕێزگرتن لە یادی کۆمار و ڕچەشکێنی و پێشەنگیی حیزبی دێموکرات، پەیمانی وەفاداری بە ئامانجەکانی کۆمار و ڕێبازی ڕێبەرانی شەهیدی نوێ کردەوە و هیوای خواست ڕاسانی پیرۆزی نەوەی نوێی خەبات، بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەنگاوەکان بەرە و سەرکەوتن خێراتر بکەن.
دواتر "ڕۆستەم جەهانگیری" بەرپرسی دەزگای چاودێری و بەدواداچوون، لەسهر كۆماری كوردستان و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی كورد له چوارپارچەی كوردستان بۆ بەشداربووانی وێبینارەکە دوا و تیشكی خسته سەر خەباتی شاخ و شار و گرینگی و پیرۆزیی خەباتی پێشمەرگانه و ڕۆڵی تاراوگەنشینان لەو پەیوەندییەدا کە دەبێ تاراوگە بکرێتە سەنگەری پشتیوانی لە خەباتی شاخ و شار و پشتیوانی بەردەوامی ڕاسان.
له درێژەدا "ئەردەڵان بێهرووزی" بەرپرسی ڕێکخستنی هەرێمی باكووری ئامریكا وێڕای پیرۆزبایی ٢ی ڕێبەندان، بە کورتی لەسەر گرینگیی کاری کۆمیتەکان و بەڕێوەبردنی ئەرکی حیزبی لەپێناو درێژەدان بە ئامانجەکانی گەلی کورد بۆ ئامادەبووان دوا.
پاشان "کیوومەرس بێیگی" بەرپرسی ڕێکخستنی کۆمیتە، بەبۆنەی ئەو ڕۆژە مێژووییە پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی بەشداربووانی وێبینارەکە کرد.