کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبینارێک لەبارەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە شاری واشنتۆن بەڕێوە چوو

11:54 - 5 پووشپەڕ 2720

بە بەشداریی چەندین کەسایەتی، دیپلۆمات و نوێنەری تێنک تەنکەکانی شاری واشنتۆن لە ئامریکا وێبنارێک لەبارەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕ وێبینارێک بە بەشداریی چەندین کەسایەتی، دیپلۆمات و نوێنەری تینک تەنکەکانی شاری واشنتۆن، لەبارەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو.

 لەو وێبینارەدا هەریەک لە پرۆفیسۆر "دەیڤید فیلیپس" کەسایەتی ئاکادیمیسیەنی ئامریکایی و "ئارەش ساڵح"، "سەلاح بایەزیدی و کامران بلنوور" قسەیان کرد.

سەرەتا "دەیڤید فیلیپس "هەندێک زانیاریی گشتیی بەنیسبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کرد.

ناوبراو باسی لە مێژوو، جۆغرافیا و دێمۆگرافیی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد و باسی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات ورووژاند.

دواتر "ئارەش ساڵح" نوێنەری حیزبی دێموکرات بە ئاماژە بەوەی کە ئەمڕۆ لەبەر چەند هۆکار کەمتر باسی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکرێت ئەو بەشە بەشی فەرامۆشکراوی کوردستانە، وتی کە ئەگەر ئێمە شتێک لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نابیسین بەو مانایە نییە کە شتێک لەوێ لە ئارادا نییە. کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەمڕۆ زۆر زیندووە و خەریکە بە چەندین شێوە خەباتە جۆربەجۆرەکانی خۆی درێژە دەدات.

نوێنەری حیزبی دێموکرات پاشان بە ئاماژە بە حوزووری پێشمەرگەی حیزب لە ناوخۆ باسی لەوە کرد کە ئەم حوزوورە تەنیا لە ڕێگەی پشتیوانیی لانیزۆری خەڵکی گوند و شارەکانی کوردستان ئێمکان پەیدا دەکات و ئەگەر خەڵکی کوردستان پێشمەرگە بە هێزێک لە خۆیان و بۆ خۆیان نەزانن ئەوا پێشمەرگە ناتوانێت حوزووری بەردەوامی لەوێ هەبێت.

پاشان بە ئاماژە بە تۆپبارانەکانی ئەم دوواییە "ئارەش ساڵح" باسی لەوە کرد سپای تێرۆریستی پاسداران بەهۆی ئەویکە ناتوانێت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات وڵامی پێشمەرگە بداتەوە دەستی داوەتە بە تۆپبارانی کوێری باخ و مەڕ و ماڵاتی خەڵک لە سەر سنوور.

نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئێمە هێزی پێشمەرگەمان لە ناو قووڵایی خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دایە و هەتا ئێستا خاکی باشوورمان بۆ هێرش بۆ سەر ئێران بەکار نەهێناوە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات هەروەها بە ئاماژە بە هەوڵی تێرۆری سادق زەرزا ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکرات وتی کە ئێمە بە تەمای لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی هۆلەندین بەڵام پێمان وایە بە بەرچاوگرتنی ڕابردووی ئێران لەم بارەوە گەیشتن بە ئاکامی ئەوەی کێ کردوویەتی زۆر دژوار نییە.

پاشان نوێنەری حیزب بە ئاماژە بەو ئێرانەی کە حیزب بۆ داهاتووی ئێران لەبەرچاوی دەهێنێت وتی کە ئەو ئێرانەی کە ئێمە دەمانهەوێ سازی بکەین ئێرانێکە کە باوەشی بۆ بەهاکانی دێموکراسی لە ڕۆژئاوا ئەوەڵا دەبێت و دراوسێیەکی باش دەبێت لە ناوچەکە و هەروەها هاوڕێیەکی باش دەبێت بۆ هاوپەیمانەکانی ئامریکا.

پاشان هەریەک لە بەڕێزان "کامڕان بلنوور و سەلاح بایەزیدی" ووتەکانی خۆیانیان پێشکەش کرد.

دواتر پرسیاری ئامادەبووان خرایە بەر باس کە هەندێک دیپلۆمات و باڵوێزی پێشووی ئامریکا و هەندێک ئەندامی تینک‌تەنکەکان و مامۆستای زانکۆ لە ئورووپا و ئامریکاوە پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لەلایەن ئامادەبووانەوە وەڵام درایەوە.

لە بڕگەی کۆتایی بەرنامەکەدا ئامادەبووان هەرکامیان دوا وتەی خۆیانیان پێشکەش کرد کە ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا لەم بارەیەوە وتی کە پێویستە ئامریکا بەو ئاکامە بگات کە لە بەرژەوندی ئەو و هاوپەیمانییەکانە ئەگەر یارمەتی کوردی ئێران بدات.