کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان بەڕێوە چوو

11:40 - 5 رێبەندان 2720

هەرێمی ڕێکخستنی ئامریکا ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندان بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، وێبینارێکی بۆ "تەیموور مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "زوومـ"ـەوە بەڕێوە برد.

سەرەتای وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.

پاشان "تەیموور مستەفایی"، وێڕای پیرۆزبایی ئەو ڕووداوە لە بەشداران، لەسەر مێژووی دامەزرانی کۆماری کوردستان و هەروەها تایبەتمەندییەکانی کۆمار بۆ بەشداران قسەی کرد.

ناوبراو وێڕای دەسنیشانکردنی بەشێک لە لاوازی و کەموکووڕییەکانی ئەو سەردەمە کە کۆماری تێدا دامەزراوە، دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی وەک خاڵێکی بەهێز لەژێر کاریگەری و ڕێبەریی پێشەوای مەزن کە بوو بەهۆێ دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەسنیشان کرد.

هەروەها "مستەفایی" چەند خاڵێکی گرینگی لە تایبەتمەندییەکانی کۆماری کوردستان وەک هزری  نەتەوەییبوونی کۆمار و بایەخدان بە زمانی کوردی، خوێندن و نووسین، هەبوونی ئازادیی کەم وێنە، دامەزرانی یەکیەتییەکانی ژنان و لاوان و هەروەها پێکهێنانی بەرە لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕەکان، وەک جووڵانەوەی جەنگەڵ لە باکووری ئێران و هتدی، هێنایە بەرباس و بۆ بەشدارانی شی کردنەوە.

"تەیموور مستەفایی" لە بەشی کۆتایی وتەکانیدا، پێویستیی یەکیەتیی ڕیزەکانی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بە گرینگ زانی.

لە پاش قسەکانی ناوبراو، هەر یەک لە بەشداران "ئەردەڵان بێهرووزی" بەرپرسی ڕێکخستنی هەرێمی ئامریکا، "جەلال خەڵخاڵ" بەرپرسی کۆمیتەی "نیوزلەند" و "مەسعوود سەمەدی" بەرپرسی کۆمیتەی "ئوسترالیا"، پیرۆزبایی ئەو یادە مەزنەیان لە بەشداربووان کرد و سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ "تەیموور مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕی.