کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبینارێکی تایبەت بە ساڵیادی شەهیدانی "ڤییەن" لە فینلاند بەڕێوە چوو

12:51 - 26 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات بە هاوکاریی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی "فینلاند"، بەبۆنەی ٣٣ـهەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور "قاسملوو" و هاوڕێیانی بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە "ڤییەنـ"ـی پێتەختی وڵاتی "ئۆتریش"، وێبینارێکی بەڕێوە برد.

ئەو وێبنارەکە بە بەشداریی "کەریم پەرویزی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات و ئەندامانی حیزب لە وڵاتی "فینلاند"، لە ڕێگای "زوومـ"ـەوە بەڕێوە چوو.

سەرەتای وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و گیانفیدایی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

 پاشان "جەهانبەخش خالیدی"، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە فینلاند وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد.

"خالیدی" لە وتەکانیدا وێڕای مەحکوومکردنی تێرۆری دوکتور "قاسملوو" و هاوڕێیانی و هەروەها تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پەیامی وەفاداریشی لەگەڵ شەهیدانی "ڤییەن" و هەموو شەهیدانی کوردستان دووپات کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا، "کەریم پەرویزی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزب لەسەر کەسایەتیی دوکتور "قاسملوو"ی ڕێبەر بۆ بەشداران دوا. سەرەتای وتەکانی بە یادکردنەوە لە هاوڕێ کاک "سەلام عەزیزی" ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب و قوتابیی بەئەمەگی دوکتور "قاسملوو" دەست پێ کرد کە ٢٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ کۆچی دوایی کرد.

هەروەها ڕۆڵ و نەخشی کاک "سەلامـ"ـی لە پاراستنی حیزب و هەوڵدان بۆ گەیشتنی حیزبی دێموکرات بە ئامانجەکانی نەتەوەکەمان بەرز نرخاند. هاوکات پێی وابوو کە پڕکردنەوەی جێگای بەتاڵی ئەم کەسایەتییانە لە حیزبی دێموکراتدا زەحمەتە و پێویستی بە کاتە. هەروەها سەبارەت بە کەسایەتیی شەهید "عەبدوڵڵا قادری‌ ئازەر" دوا و وتی: "کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر ئەندامێکی لێهاتوو، بلیمەت و دیپلۆماتێکی تێکۆشەر و بە توانا بوو کە شەهیدکرانی خەسارێکی مەزن بوو لە حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، "کەریم پەرویزی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزب، ئاماژەی بە داڕشتن و ئەنجامدانی پیلانی تێرۆری دوکتور "قاسملوو" و هاوڕێیانی کرد و باسی لە چۆنیەتیی کەڵکوەرگرتنی تێرۆریستەکان لە پاسپۆرتی دیپلۆماتیک بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەوە جینایەتکارانەیە کرد.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پاش ئەنجامدانی تێرۆرەکە، تێرۆریستەکان کە لەلایەن پۆلیسی ئۆتریشەوە گیرابوون، "بە خێرایی ڕەوانەی "تاران" کرانەوە. دواتریش دەردەکەوێت کە مامەڵەیەکی ئابووریی گەورە لەسەر ئەم جینایەتە کراوە"

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ئامانجی حکوومەتی تێرۆریستپەروەری ئێران لەم جینایەتە کرد و باسی لەوە کرد: "ڕێژیمی ئێران ئامادە بوو هەموو ئەم ڕیسکانە بکات، هەموو ئەم پیلانانە بگێڕێت و هەموو ئیمتیازە گەورەکانیش بە وڵاتی ئۆتریش و ڕێکخراوەکانی دیکە بدات، تەنیا لە پێناوی ئەوەدا کە دوکتور قاسملوو تێرۆر بکات. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دوکتور قاسملوو چەندە بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گرینگ بووە و چ نرخ و بەهایەکی هەبووە کە ئامادە بوون ئەو نرخ و بەهایەی بۆ بدەن، خۆیان تووشی ئەو گرفتانە بکەن لە پێناو ئەوەدا کە دوکتور قاسملوو تێرۆر بکەن."

"پەرویزی" زیاتر سەبارەت بە کەسایەتیی بەرز، هەوڵ و فیداکاری و خەباتی سیاسی و دیپلۆماتیکی دوکتور "قاسملوو"ی نەمر بۆ بەشداران دوا و ئاماژەی بەوە کرد کە دوکتور قاسملوو بەو تایبەتمەندییانەوە حیزبی دێموکراتی ڕێبەری دەکرد و وتی: "ئەو کەسێکی لەخۆبردوو و خۆنەویست بوو کە سەرەڕای هەموو ئیمکاناتێک و ئیمتیازاتێک کە لە ئورووپا هەیبوو، ئامادە بوو بێتەوە لە سەنگەری پێشمەرگەدا بۆ بەرگریکردن لە کەرامەتی نەتەوەیی، خەبات بکات و وڵاتانی ئورووپایی، مامۆستایەتیی زانکۆ و ژیانی خۆش بەجێ بهێڵێت و لە شاخەکانی کوردستان و لە سەنگەری پێشمەرگەدا بژی."

"کەریم پەرویزی" هەروەها لە ڕووی ڕێبەرایەتیی سیاسییەوە، دوکتور "قاسملوو"ی بە ڕێبەرێکی تاقانە لە مێژووی نەتەوەی کورددا وەسف کرد و وتی: "بەڵام ئەوە تەنیا یەک ڕەهەندی گەورەی دوکتور قاسملوویە. دوکتور قاسملوو وەکوو ڕێبەرێکی بەرگریکار و بەرخۆدان، ڕێبەرایەتیی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کورد دەکا کە خەباتێکی پڕ تێچوو و ڕۆژانە لە بەرانبەر دڕندەیی و هێرشی دوژمندا شەهید و بریندار دەدا".

ناوبراو لەم بارەوە وتی: "دوکتور قاسملوو بوێرانە بڕیاری مانگی بەرگری و بەرخۆدان لە بەرانبەر هێرشی تاریکپەرستانی جەماراندا دەدا و وەک فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە لە سەختترین و دژوارترین هەلومەرجەکاندا بوێرانە ڕادەوەستێت و ئیرادەی نەتەوەکەی بەرز دەکاتەوە."

"پەرویزی" زیاتر کەسایەتیی ئەو ڕێبەرە مەزنەی شی کردەوە و وتی: "دوکتور قاسملوو وەک ئیدئۆلۆگێک بوو کە ئیدئۆلۆژییەکەشی تەنیا لە ئاستی تێئۆریدا نییە بەڵکوو دەیهێنێتە ناو حیزبێک و دەیکا بە ڕێباز، دەیکا بە پراکتیک و خۆیشی دەبێتە وەرگێڕی ئەو تێئۆرییە بۆ پراکتیک و لەناو حیزبدا باسی دەکا و شیی دەکاتەوە بۆ ئەوەی حیزبی دێموکرات ڕێبازێکی دروست بگرێتە پێش".

ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بە چەندین لایەنی دیکەی کەسایەتیی دوکتور قاسملوو کرد، وەک "دیپلۆماتێکی بە ئەزموون و لێهاتوو، شارەزا لە ئەدەبی کوردی و هەوڵدانی بۆ پاراستن و گەشەکردنی زمان و کولتووری نەتەوەیی". هەروەها وتی: "دوکتور قاسملوو خاوەنی مەکتەبێکی فکرییە کە بریتییە لە فەلسەفەی ژیان، ئیرادەت بۆ دەگێڕێتەوە کە وەک تاکێکی سەربەخۆ خاوەن ئیرادە بێت و بیر لە ئازادی بکەیتەوە کە چۆن بڕیار دەدەی. سەبارەت بە حیزبیش کە چۆن سەربەخۆیی بڕیاردانی هەبێت و هەڵوێست بگرێت، وەکوو نەتەوەش کە خۆت لە ئاستی نەتەوەکانی دیکەدا ببینی و خۆت بە کەمتر لە هیچ نەتەوەیەک نەزانی".

لە کۆتایی قسەکانیدا "پەرویزی" وێڕای بەداخبوونی بۆ ئەوەی کە نەوەی ئێمە لەگەڵ دوکتور "قاسملوو" نەژیاوین، بەڵام کە کتێب و نووسین و وتووێژەکانی دەخوێنێتەوە و گوێ لە بیرەوەریی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەگری، لە هەموو بوارەکانی ژیان و خەباتدا بەرچاوڕوونیت دەداتێ. ڕێنوێنی و پێوەرمان دەداتێ کە چۆن لەگەڵ توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا (ژنان، لاوان، کرێکاران و ...) هەروەها لەگەڵ کەسایەتی و حیزب و نەتەوە و وڵاتانی جیهان هەڵسوکەوت بکەیت.

پاش وتەکانی "کەریم پەرویزی"، بەشدارانی وێبنارەکە پرسیارەکانی خۆیان هێنایە گۆڕێ و لەلایەن ناوبراو وەڵامیان درایەوە.