کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبینارێکی سیاسی بۆ ئەندامانی حیزب لە دانمارک بەڕێوە چوو

12:02 - 4 رەزبەر 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی سپتامبری ٢٠٢١ی زایینی، کۆمیتە ناوچەی میت یولەندی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، وێبینارێکی سیاسیی لەمەڕ سیاسەتی ڕۆژئاوا و دۆخی ئێستای کورد بەگشتی و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی بۆ "ئەلبورز ڕوئین تەن" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە برد.

سەرەتای وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر "بێهرووز خەلیلی" بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی میت یولەند بەخێرهاتنی ئامادەبووان و کۆڕگێڕی کۆبوونەوەکە کرد.

کۆڕگێڕ لە دەستپێکی باسەکەیدا ئاماژەی کرد بە دوایین گۆڕانکاریی ناوچەکە و سیاسەتی ڕۆژئاوا بەنیسبەت ناوچەکە بەگشتی و ئێران بەتایبەتی. لە شرۆڤەی سیاسەتی ڕۆژئاوا بەنیسبەت ڕێژیمی ئیسلامی ئاماژەی بەوە دا کە ڕۆژئاوا پێی وایە بە دانوستاندن و ڕازیکردنی ئێران دەتوانێت باشتر سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامی کۆنترۆڵ بکات، بەڵام ئەزموونی چەند دەیەی ڕابردوو نیشانی داوە کە ناتوانێت بەو شێوەیە ئێران کۆنترۆڵ بکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کۆڕگێر ئاماژەی بەوە دا کە بۆ ئەوەی لە سیاسەتی نێونەتەوەیی بە تایبەتی ڕۆژئاوا بکەویتە نێو هاوکێشەکانەوە، دەبێ ببیت بە هێز، هەر بۆیە حیزبی دێموکرات هەر لە زووەوە لەسەر ئەم بابەتە کاری کردووە و ڕاسان لە ئاکامی بووژاندنەوەی هەرچی زیاتری شۆڕش لە ڕۆژهەڵات دەستی پێ کرد و کاریگەریی زۆر ئەرێنیی هەبووە.

"ئەلبورز ڕوئین تەن" هێرش و هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی وێڕای هەندێک فاکتەری ناوچەیی و نێونەتەوەیی بۆ کاریگەریی هێزی شۆڕش و ئامادەیی کوردستان لە بەرانبەر دیکتاتۆرییەتی ڕێژیمی ئیسلامی گەڕاندەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هێرش و هەڕەشە ناتوانێت هێزی پێشمەرگەی کوردستان بشکێنێت و ئیرادەی گەلی کوردیش پشتیوانی هێزی پێشمەرگە دەبێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ڕێژیمی ئیسلامی تەنیا هەڕەشە نییە بەرانبەر بزاڤی کورد لە ڕۆژهەڵات بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی هەموو پێشکەوتنێکی کورد دەکات، هەر بۆیە پێشگرتن بەو هێرش و هەڕەشانە ئەرکی هەموو لایەکمانە.

کۆبونەوەکە لە کۆتاییدا بە پرسیاری بەشداربووان و وڵامدانەوەی کۆڕگێڕەوە کۆتایی پێ هات.