کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێنەگرێكی كوردی كرماشانی لەكێبڕكێیە جیهانییەكاندا سەركەوتنی بەدەست هێنا

16:18 - 6 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: وەحید بابایی وێنەگری كوردی كرماشانی توانی لەفێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سێربستان خەڵاتی fiap HM ی بەدەست بێنێت.

ئەو فێستیڤاڵە لەژێر چاوەدێری فیدراسیۆنی جیهانی وێنەگران و بە بەشداری چەندین بەرهەم لەوڵاتانی ئەمریكا، ئاڵمان، سێربێستان، ئیسپانیا، ئیتالیا، چین، بەحرێن و توركیە بەڕێوە چوو و وەحید بابایی توانی بە بەرهەمە وێنەیەكانی سەركەوتن بەدەست بێنێت.

فێستیڤاڵی جیهانی وێنەی سێربێستان، هەموو ساڵێك لەژێر چاوەدێریی فێدراسیۆنی جیهانی وێنەگری و بە بەشداریی وێنەگرانی ناسراوی جیهان و ناوەندەكانی وێنەگری بەڕێوە دەچێت.

ئەنجومەنی وێنەگرانی كرماشان رایگەیاند، وەحید بابایی پێشتریش لە كێبركێیەكانی وێنەگری پۆرترەی سێربێستاندا خەڵاتی زێرینی وەرگرتبوو.

وەحید بابایی تەمەنی ٣١ ساڵە و لە شاری كرماشان لەدایك بووە و هەتا ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئێران وەكوو: فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی وێنەی خەیام، فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی وێنەی ئارژانتین و فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی وێنەی بوڵغارستان خەڵاتكراوە.