کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنی پارە لە قوتابییانی گوندێکی مەریوان، ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە

17:01 - 7 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەرانی قوتابخانەیەکی گوندی دزڵی لە ناوچەی مەریوان، بە زۆرە ملێ پارە لە قوتابییان وەردەگرن.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندنەوە هەتا ئێستا، بەڕێوەبەرانی قوتابخانەی سەرەتایی گوندی دزڵی ناسراو به \'\'عومەر ساڵحی\'\'، چەندین جار داوای پارەیان لە قوتابییان کردووە.
بەردەوامیی ئەو کارەی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەی سەرەتایی گوندی \'\'دزڵی\'\'، ناڕەزایەتیی بنەماڵەی قوتابییانی کەم داهات و هەژاری لێکەوتووەتەوە.
بەڕێوەبەرانی ئەو قوتابخانە سەرەتایی‌یە، بە بیانووگەلی جۆراوجۆری وەکوو کڕینی نەوت بۆ قوتابخانە و کڕینی کۆمەڵێک پێداویستیی دیکە، ئەو بڕە پارەیان لە قوتابییان ویستووە.
بەپێی بەندی یەکی ماددەی ٢٦ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بۆ پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر و گشتگیر، هەموو کەسێک مافی پەروەردە و فێربوونی هەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لانیکەم دەبێ پەروەردەی سەرەتایی و بنەڕەتیی بێ بەرانبەر بۆ هاووڵاتییان تەرخان بکات.
بەشی \'\'ئەلف\'\' لە بەندی ٢ی ماددەی ١٣ی جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەی بێ بەرانبەر، کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ ناوەڕۆکی ئەو جاڕنامەیەی پەسند کردووە، دەڵێت: پەروەردە و بارهێنانی سەرەتایی دەبێ ئیجباری و بەبێ بەرانبەر بێت و تێکڕای کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانن لێی بەهرەمەند بن.
هەروەها له بەندی دووهەمی ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: دەوڵەتی ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن، دابین بکات و هەروەها لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێران دەڵێت: دەوڵەت ئەرکدارە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر بۆ هەموو خەڵک هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیەیی وڵات بە شێوی بێ بەرانبەر پەرەپێ بدات\'\'.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیدا، هیچکام لەو یاساگەلە رەچاو ناکرێ و بگرە رێژیمی ئێران خۆی رێخۆشکەر و هۆکاری سەرەکیی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت یاساکانی خۆشیەتی.