کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی کانادا چاودێری مافی مرۆڤی سەبارەت بە کورد شەرمەزار کرد

14:55 - 10 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ھارجیت سینگ‌ساجان وەزیری بەرگریی كانادا، بەتوندی لە دژی داواکاریی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، هەڵوێستی گرت و تۆمەتی ئەو ڕێکخراوەیەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان شەرمەزار کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ کە تۆمەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە هەڵبەستبوو و پێشمەرگەی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگی تۆمەتبار کردبوو، لە لایەن وەزیری بەرگریی کاناداوە بە توندی شەرمەزار کرا.

ئەو ڕێکخراوە هەروەها داواشی کردبوو کە کانادا مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە نەکات، بەڵام هارجیت دووپاتی کردەوە کە ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێ لە هاوکاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان.

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، هاوکات کە تۆمەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە هەڵبەستبوو کە پێشێلی یاسای جەنگییان کردووە و گوندی عەرەبەکانیان کاول کردووە و چەندین بوختانی دیکەش، دەوڵەتی کاناداشی بەوە تۆمەتبار کردووە کە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی داوە و ئەو هێزە بەپێچەوانەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پێشلی یاسایی کردووە.

دوای ئەو تۆمەتانەی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، وەزیری بەرگریی کانادا وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، هاوکات بەردەوام ‌بوونی کانادای بۆ هاوکاریی هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

جیا لە وەزیری بەرگریی کانادا، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ووڵامی چاودێری مافی مرۆڤی دایەوە و سەرۆک هۆزە عەرەبەکانیش ئەو قسانەی کە ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، لە دژی پێشمەرگە کردبوونی، بە درۆ خستەوە.