کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پانێلێک لەبارەی کوردستان لە پارلمانی دانمارک بەڕێوە چوو

17:42 - 27 رێبەندان 2719

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندان، پانێلێک لەبارەی کوردستان لەلایەن پارتی لیستی هاوپەیمانی بۆ "سۆرەن سۆنەگۆرد"، پارلمانتاری ئەو حیزبە و بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات ڕێک خرا.

سەرەتای پانێلەکە بە چەند پارچە مۆسیقا لەلایەن هونەرمەند "پەیمان میران"، بە سازی تەموورە دەستی پێکرد،

لەبارەی ئەو سازە و مێژووەکەی و پیرۆزیی ئەو ئالەتەی مۆسیقی لای پەیڕەوانی ئایینی یارسان لەلایەن "دانا ئەلیاسیـ"ـیەوە چەند باسێک پێشکەش کرا. پاشان لەسەر دۆزی کورد و دابەشبوونی کوردستان قسەی کرد.

بەشی سەرەکیی باسەکەی لەسەر کوردستانی ڕۆژئاوا، سیستەمی ئیداریی ئەو ناوچەیە پێش شەڕی داعش و دوای هێرشی تورکیە بوو. هەروەها باسی ڕۆڵی ژنی کوردی بۆ خەبات لەپێناو ئازادیدا کرد، باسی دەرئەنجامی هێرشی تورکیە و کێشەکانی بەردەم ئیدارەی خۆسەری کرد.

 بەشی دووەمی پانێلەکە تایبەت بوو لەسەر ئێران و کێشەی کورد.

"دانا ئەلیاسی" باسێکی لەسەر پێکهاتەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات کرد، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی کوردستانی کرد که هەمیشە سەنگەری زیندووی خەبات بۆ ئازادی بووە.

پاشان "هەژار دەشتی"، بە ئامار باسی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، کوشتنی کۆڵبەرانی کورد، ڕێژەی بێکاری، ماددە سڕکەرەکان و سیاسەتی ژینۆسایدی دەسەڵاتی ناوەندی دژی نەتەوەی کوردی کرد.

ناوبراو باسی لە خواستی ڕەوای کورد کرد کە کوردی ڕۆژهەڵات لە هەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرێت بۆ نیشاندانی ناڕەزایی دژی حکومەتی ئاخوندی.

 دەشتی ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی بەڕێوەچوونی یەکەمین ڕێفراندۆم بۆ دیاریکردنی دەسەڵات لە ئێراندا تەنیا گەلی کورد بوو کە بەشداری ئەو دەنگدانە نەبوو و ئێستاشی لەگەڵ بێت گەلی کورد زۆرترین ڕێژەی بەشدارنەبوون له شانۆکانی هەڵبژاردنی ڕێژیم تۆمار دەکات.