کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵاوگەکانی ئێران ڕەوتی پێچەوانە دەپێون

14:40 - 21 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و شڵەژاویی ئابووری ئێران، پاڵاوگەکانی ئەم وڵاتە وەک پێویست توانای چالاکییان نەماوە و ڕەوتی پێچەوانە دەپێون.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری جێگری وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاوی کردەوە؛ چالاکیی پاڵاوگەکانی ئێران لەباتی قازانج، لە ئێستادا خەسارهێنەرن و بەشێکیان لە حاڵی داخراندان.

عەباس کازمی وێڕای پێداگر بوون لەسەر ئەوەیکە زۆربەی پاڵاوگەکانی ئێران خەسارهێنەرن، گوتی: هۆکاری ئەم مەسەلەیە بۆ بەرهەم هێنانی مازوت دەگەڕێتەوە. مازوت هەنووکە ڕۆڵی پاژنەی ئاشیل بۆ پاڵاوگە کۆنەکانی ئێران دەگێڕێ و ئەگەر دەوڵەت پشتیوانیی لە ناوەندەکانی پاڵاوتنی نەوت نەکات، بە دڵنیاییەوە بەشی زۆریان و لەوانە پاڵاوگەی ئابادان، کرماشان، ئیسفەهان، لاوان و بەندەر عەباس تا ماوەیەکی دیکە تووشی داخران دەبنەوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدا باس لە داخرانی پاڵاوگەکان دەکات کە، وەک بەرپرسانی وەزارەتی نەوت دەڵێن، کڕیارەکان لە ئێستادا بەرهەمی کوالێتی بەرزیان دەوێ و ئێران توانای دابین کردنی وەها بەرهەمگەلێکی نیە.

وڵاتی ئێران خاوەنی ئابوورییەکی تاک بەرهەمییە و لە چەند ساڵی ڕابردودا، بەهۆی گەمارۆ نێونەتەوەییەکانەوە بۆ سەر کەرتی نەوت و گاز خەساری زۆری وێ‏کەوتووە.