کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی کورد لە وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژدا باسی لەسەر کرا

11:40 - 16 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی نوێنەرایەتیی هەر چوار بەشی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژیان کرد و چەندین پرسی تایبەت بە نەتەوەی کوردیان خستە بەر باس.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر، شاندێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی هەر چوار بەشی کوردستان، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆمیتەی پشتیوانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژیان کرد و لەگەڵ نوێنەرانی ئەو وەزارەتە کۆ بوونەوە.

ئەو شاندە کە پێکهاتبوون لە "مەحموود بیرۆ، ڕوودی ئیلگین، محەممەد ئەسکەندەر" و "مەنسوور عەزیزی" لە بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ، لەگەڵ "بیۆرن دیسڤیک" بەرپرسی دەفتەری گشتیی وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و "ئەندریاس"، گەورە ڕاوێژکاری هەمان دەفتەر لە وەزارەتی دەرەوە، کۆ بوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین خاڵ بەنیسبەت پرسی کورد گفتوگۆی لەسەر کرا:

ـ هێرشەکانی داگیرکارییەکانی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا و پێویستیی کشانەوەی خێرای تورکیە لەو بەشە لە کوردستان.

ـ هەوڵە نێونەتەوەییەکانی نۆروێژ لە پێناو ناساندنی زیاتری دۆزی کورد لە سووریە و هەوڵدانی نۆروێژ بۆ ئەوەی بتوانرێت لە یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتە بۆ داهاتوو، مافەکانی کورد جێ بگرن.

ـ دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بارودۆخێک کە لە عێراق پێکهاتووە  و ئەگەری نووسینەوەی یاسای بنەڕەتیی عێراق و پێویستیی گرنگیگدان بە عێراق وەک وڵاتێکی فیدراڵ و دێموکراتیک.

ـ کورد بەگشتی وەک نەتەوەیەکی مافخوراو و پێویستیی سەقامگیربوونی دێموکراسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

ـ هەنگاوه نوێیەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گرینگیدان بە دەنگی کورد لەو ناوچەیە کە خاوەن حەشیمەتێکی دەیان ملیۆن کەسییە.

 شاندی کورد لەو دانیشتنەدا ئەوەی وەبیر شاندی نۆروێژی هێنایەوە کە ئەو شەڕەی ئێستای ئەردۆغان و ئێران لە ناوچەکە هەڵیانگیرساندووە تەنیا شەڕی کورد نییە و داوێنی ئەو ناسەقامگیری و ملهۆڕییانەی ئەو دوو وڵاتە، بەرۆکی ئورووپاش دەگرێت و شەڕی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئورووپاش دەگوازرێتەوە.

هەروەها داوا کرا کە پێویستە وڵاتانی ئورووپایی، کورد بە هاوپەیمانی نزیکی خۆیان بزانن و وەک هاوپەیمان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.