کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پووتین ئامادەیی خۆی بۆ داڵدەدانی دیكتاتۆری سووریە دەربڕی

15:08 - 22 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: وێلادیمیر پووتین، سەرۆك كۆماری ڕووسیە گووتوویە وڵاتەكەی دەتوانێ پەنابەرێتی بداتە بەشار ئەسەد، دیكتاتۆری سووریە.

بەپێی هەواڵی ڕادیۆ فەردا، پووتین ڕۆژی سێ شەممە لە وتووێژێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بێلدی ئاڵمان ڕایگەیاند: بە دڵنیاییەوە دانی پەنابەرێتی بە ئێدوارد ئێسنۆدێن، كارمەندی پێشووی سی.ئای.ئەی، لە نموونەی بەشار ئەسەد دژوارتر بووە.

لە گەڵ ئەوەشدا، سەرۆك كۆماری ڕووسیە جەختی لە سەر ئەوە كردەوە كە هێشتا زۆر زووە لەو پێوەندییەدا هەنگاوێك هەڵبگیرێت.

پووتین هەوەها ئیدیعای ئەوەی كرد كە ئەگەر بەپێی نەخشە ڕێگای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی نێوخۆیی، هەڵبژاردنێكی دێموكراتیك لە سووریەدا بەڕێوە بچێت، ئەودەم لەوانەیە ئەسەد پێویستی بە چوونەدەرەوە لە وڵاتیش نەبێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ماوەی مانگێك لەمەوپێش نەخشە ڕێگایەكی پەسەند كرد كە بەو پێیە، لایەنەكانی شەڕ لە سووریە دەبێ لە سەر پێكهێنانی حكوومەتی كاتی بۆ قۆناغی گواستنەوە لەو وڵاتەدا ڕێك بكەون.

ڕووسیە شانبەشانی ڕێژیمی ئێران، بە گرینگترین پشتیوانانی ڕێژیمی ئەسەد دەژمێردرێن و لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بە ناردنی یارمەتییە ماڵی و سەربازییەكان، ڕۆڵێكی گرینگیان لە سەركوتەكانی ڕێژیمی ئەسەد دژ بە خەڵكی ڕاپەڕیوی ئەو وڵاتەدا گێڕاوە.