كه‌ریم په‌رویزی
له نیوه‌ی دووهه‌می ده‌یه‌ی حه‌فتای هەتاوییدا له‌گه‌ڵ پۆلێ له هاوڕێیانی قه‌ت فهرامۆشنهكراو، له تاران خه‌ریكی خوێندن بووین له زانكۆ و له‌و ده‌مه‌شدا جارجارێك چالاكییه‌كی كوردانه به‌ڕێوه ده‌چوو كه یان وه‌كوو بینه‌رێك تێیدا به‌شدار بووین یان هه‌ندێ جاریش یارمه‌تیده‌ری به‌ڕێوه‌چوونه‌كه‌ی بووین. له یه‌كێك له‌و ڕێورهسمانهدا كه گه‌ر هه‌ڵه‌م نه‌كردبێ قه‌رار بوو له ساڵۆنی سینه‌ما فه‌له‌ستین له تاران به‌ڕێوه بچێ، سه‌ره‌تا ده‌زگای حكومه‌تی ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌چوونیان پێ نه‌دا و دواتر به ده‌سكاری و هه‌ندێ بهڵێننامهگرتنهوه ڕێگه‌یان دا و به‌ڕێوه چوو. له‌وێدا له نێو به‌شداراندا له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌ك سه‌رقاڵ بووین كه‌چی دوو خانمم بینی و یه‌كیان ته‌مه‌نی زۆر له‌سه‌ره‌وه بوو یه‌كی دیكه كه‌متر. هاوڕێیكهم وتی ده‌یانناسی؟ وتم نا. وتی ئه‌وه مینا خانمی خێزانی پێشه‌وا و ئه‌وی دیكه‌ش یه‌كێك له كچه‌كانی پێشه‌وایه.
له‌ناكاو هه‌ناسه‌م بۆ نه‌ده‌هات، هه‌ردوو چاویشم ئاوی تێدا قه‌تیس مابوو، نه ده‌ڕژا و نه ده‌چووه‌وه ژوور. ته‌نیا كارێك كه بۆم كرا به ئارامی ده‌ستی ژنی یه‌كه‌م سه‌ركۆماری كوردستان‌م ماچ كرد و به بێده‌نگی دانیشتم و له‌و چركه‌دا ته‌واوی ئه‌و ڕاده‌یه‌ی مێژووی كه خوێندبوومه‌وه و یان بیستبووم له‌سه‌ر نیشتمانه‌كه‌م به به‌رچاومدا هاتن و تا گه‌یشتم به‌و ڕۆژه‌ی كه له‌شكری كۆلۆنیالیزمی پانئێرانی هاته مه‌هاباد و پێشه‌وا و دوو ڕێبه‌ری دیكه‌ی كۆماری له سێداره دا!
هه‌ندێ چركه له ژیانتدا هه‌یه كه له شوێن و كات به‌تاڵ ده‌بێته‌وه و له‌و ده‌مه‌دا زۆر شوێن و زۆر كات ده‌توانێ بێنه نێو مێشك و بیركردنهوهتهوه و له‌وێدا خۆت ببینیته‌وه. له‌وده‌مه‌دا له مه‌یدانی چوارچرا ڕاوه‌ستابووم و چاوم له ته‌رمی سێ ڕێبه‌ری كوردستان ده‌كرد كه به‌سه‌ر سێداره‌وه و له نێوه‌ڕاستی مه‌هاباد ده‌شه‌كانه‌وه. پێشه‌وا چووه سه‌ر دار و بوو به ڕه‌مزی هه‌رمانی كورد و كوردستان و شای پاڵه‌ویی ئێرانیش ده‌ركرا و له تاراوگه و به نه‌خۆشی مرد و شوێن نه‌بوو تێیدا بینێژن، له ماڵی خه‌زوورانی له میسر جێیان بۆ كرده‌وه!
له‌و خه‌یاڵه هاتمه ده‌ر و هاتمه‌وه نێو ڕێوڕه‌سمه‌كه، دووباره وه‌بیرم هاته‌وه كه له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا حكوومه‌تی كۆلۆنیالیستیی تاران شه‌قامێكی نێو ناوه فه‌له‌ستین و سینه‌ما و شوێنی تایبه‌تیشی تێدا هه‌یه ناوی ناوه فه‌له‌ستین، به‌ڵام له هه‌مان شوێنی به‌ناو فه‌له‌ستین ناونراوه‌وه ڕێگا ناده‌ن ڕێوڕه‌سمێكی كورده‌كان كه خاوه‌نی سه‌ره‌كی و مێژوویی ئه‌م ماڵ و خاكه‌ن به‌ڕێوه بچێ!
ڕووداوه‌كان سه‌یرن و كورد مێژوویه‌كی پڕ له تراژێدیی هه‌یه. ڕێوڕه‌سمێكی كوردانه قه‌راره به‌ڕێوه بچێ له ساڵۆنی فه‌له‌ستین! ڕێگاشی پێ ناده‌ن، ژنێكیش هاتووه بۆ به‌شداری كه ژنی یه‌كه‌م سه‌ركۆماری كوردستانه و سهركۆمار له سێداره دراوه و به سه‌دان گه‌نجی كوردستانیش هاتوون بۆ ڕێوڕه‌سمه‌كه كه هه‌ر ده‌بیستن كه ژنی پێشه‌وای نه‌مر لێره‌یه هه‌موویان بریسكه‌یه‌ك له چاویاندا دیاره، پڕشنگێكی ڕووناكی له چاویاندا ده‌دره‌وشێته‌وه كه له تیشكی هه‌تاوی ئاڵاكه‌ی كۆماره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ!
دوكتور قاسملووی نه‌مر له‌سه‌ر كۆماری كوردستان و پێشه‌وا ده‌ڵێ:
كۆماری كوردستان ئه‌و ڕۆڵه تاقانه‌یه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورد، جوانه‌مه‌رگ بوو به‌ڵام شوێنه‌واری ئه‌م كۆمارە ئێستاش هه‌ر زیندووه. ... كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌و هه‌موو ئه‌زموونه كه ده‌ستیان كه‌وتووه و به پێڕه‌وی كردن له سیاسه‌تی ڕاست و دروستی حیزبه‌كه‌یان، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، ڕێگای پێشه‌وا تا سه‌ر ده‌ڕۆن و ئاواته‌كانی بهجێنههاتووی كۆماری كوردستان به‌ته‌واوی وه‌دی دێنن.