کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات بە خاک ئەسپێردرا

18:11 - 30 رێبەندان 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندان تەرمی کاک "جەمیل عوزێیری" لە مەڕاسمێکی تایبەتدا بە بەشداریی کۆمیتەی گشتیی حیزب و ئەندامانی بنەماڵە و هاوڕێیانی، لە شاری "بۆرلێنگە"ی شاری سوئید بە خاک سپێردرا.

لە سەرەتای مەڕاسمەکەدا لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی کۆچکردوو و نوێنەرانی کۆمیتەی گشتیی حیزب تاجەگووڵینە لەسەر تەرمی کۆچکردوو دانرا.

پاشان لەلایەن "عەزیز مورادپەرست" بەرپرسی ڕێکخستنی کۆمیتەی گشتیی حیزب بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا.

هەروەها "مەولوود عەبدیلزادە" بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب پەیامی هاوخەمی و چەند بڕگەی پڕ سەروەری لە ژیانی پێشمەرگایەتیی شەهید "جەمیل عوزەێیری"، پێشکەش کرد و وتی: "کاک جەمیل یەکێک لەو پێشمەرگانە بوو کە وێڕای ١٠٠ پێشمەرگەی دیکە دەرمانداو کران و هەتا ڕۆژی مردنیشی بەو ئێش و ئازارەوە دەیناڵاند، هەر بەو هۆیەشەوە گیانی بەخت کرد".

"عەبدیلزادە" لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەو بابەتە کرد کە کاک جەمیل زۆر دڵسۆزانە لەگەڵ ئەوەی باری تەندرووستی نالەبار بوو، بە ویستی خۆی ئەرک و بەرپرسیارەتی لە ڕێکخراوەکاندا وەئەستۆ دەگرت و بەوپەڕی دڵسۆزی و ئەمەگدارییەوە لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزبدا و دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە وڵاتی سۆئید کاری دەکرد.

هەوەها لەو ڕێوڕەسمەدا، خاتوو "ڕازاو قادری"، هەروەها "ئازا سەفەری" بەرپرسی ناوەندی یەکیەتیی کوردان و "ساڵح پاڵانی" لە سەر کەسایەتی و ڕۆڵی کاریگەر و دڵسۆزانەی ژیان و ڕابردووی پڕ لە شانازیی کۆچکردوو چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.

لە کۆتایی مەڕاسمەکەدا "محەممەد عوزێیری" برای کاک جەمیل بە ناوی بنەماڵەکەیانەوە سپاسی بەشدارانی ئەو مەڕاسمەی کرد و بە بایەخەوە لە ڕێگا و ڕێبازی برایەکەی ڕوانی و هیواخواز بوو کە ئاوات و ئامانجەکانی لەسەر دەستی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بێتە دی.