کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرین و کەمئەندامی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

11:16 - 28 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: "مەنسوور پیرۆتی"، پێشمەرگەیەکی دێرین و کەمئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی سوئید ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنێت، کە کاک "مەنسوور پیرۆتی"، ئەندامی لەمێژینەی حیزبەکەمان، بۆ هەمیشە چاوەکانی لەسەر یەک نا و ماڵاوایی لە بنەماڵە و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کرد.

کاک مەنسوور یەکێک لەو پێشمەرگە ئازا و بەجەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو، کە سەرەڕای دووری لە وڵات و کەمئەندامبوونی لە ڕیزی شۆڕشدا لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بەشداریی چالاکانەی دەکرد.

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوئید، وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دواییی کاک مەنسوور پیرۆتی، سەرەخۆشی لە خێزان، تاقانە کوڕەکەی (سۆران)، خزم و کەسوکاری و هاوسەنگەرانی دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.

کاک مەنسووری پیرۆتی ناسراو بە "مەنسوورە چکۆل"، خەڵکی گوندی میرەدێی گەورک، سەر بە  شاری سەقز بوو. ناوبراو پێشمەرگەیەکی ئازا و بەناوبانگ بوو و چەند جارێک بریندار بوو بەڵام قەت کۆڵی نەدا.

ئەو پێشمەرگە قارەمانە لە دوایین جاردا، لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٦٣ی هەتاوی، لە هێرشی بەربڵاوی ڕێژیم بۆ گوندی هەرمێدۆڵ لە خۆڕاگرییەکی قارەمانانەدا بەداخەوە بریندار بوو و لەو ساتەوە هەر دوو پێی لە کار کەوت و فەلەج بوو.

هەر لەو شەڕەدا چەند هاوڕێ دیکەی کاک مەنسوور شەهید و بریندار بوون.

کاک مەنسوور دواتر لە وڵاتی سوئید نیشتەجێ دەبێت و ماوەی ٣٤ ساڵ لەسەر ویلچێر ژیانی تێپەڕ دەکات و لەو کاتەوە هاوژینی خۆشەویستی (خاتوو هێلێن) پێی ڕاگەیشتووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ئەو تێکۆشەرە قارەمانە دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.