کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

16:52 - 3 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئیران لە وڵاتی سوئیددا، کۆچی دوایی کرد. 

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژ، کاک ''سەلیم دەروێشی''، ناسراو بە "سەلیمە ڕەش"، خەڵکی شارۆچکەی ''نەڵۆس''، سەر بە شاری شنۆ و دانیشتووی شاری ''لینشۆپینگی وڵاتی سوئید''، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە كۆچی دوایی كرد. 

کاک "سەلیم" لە ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی، لە نەڵۆسی سەر بە شاری شنۆ لەدایک بووە. هەر لە سەرەتای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و دەستپێكی خەباتی ئاشكرای حیزبی دێموكراتدا، دەبێتە ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات و تێکەڵ بە کاری سیاسی دەبێت.

ناوبراو، لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە بەشەکانی هێزی کێلەشین و كۆمیتە شارستانی شنۆدا، ئەرکی حیزبیی بەوپەڕی دڵپاکی و لەخۆبردوویییەوە تا ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی بەڕێوە برد.

لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی بەولاوە، بەردەوام و بەبێ دوودڵی، لە ڕیزی تەشكیلاتی ئاشكرای حیزبدا وەک ئەندامێكی چالاک و دەروەستی حیزب و گەل درێژەی بە تێكۆشانی سیاسی دا. 
پاشان لە ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی وەک پەنابەری سیاسی لە وڵاتی سوئید مافی مانەوەی پێدرا.

کاک "سەلیم دەروێشی" لە وڵاتی سوئیدیش دیسان وەک کەسێکی نیشتیمانپەروەر، دڵسۆز و وەفادار، ئەرکەکانی حیزبیی بەجێ دەگەیاند و تا کاتی ماڵئاوایی یەكجاریش، لەسەر ڕێباز و ئامانجی حیزبی دێموكرات وەفادار مایەوە.

بەداخەوە مەرگ مۆڵەتی نەدا كە ئاوات و هیواكانی كە سەركەوتنی خەباتی حیزبەكەی و ڕزگاریی نیشتمانەكەی بوو ببینێت. 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.