کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنجەمین کۆنگرەی فێدراسیۆنی کوردانی فنلاند بەڕێوە چوو

12:27 - 2 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: فێدراسیۆنی کوردانی فنلاند کە ٥ ساڵ لەمەوە پێش لە ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری مەزنی کورد، دوکتور ''عەبدولڕەحمان قاسملوو''دا دامەزراوە، پێنجەمین کۆنگرەی خۆی لە شاری هێلسینکی بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز، بە بەشداریی ٢٣ ڕێکخراوی مەدەنی، پێنجەمین کۆنگرەی فێدراسیۆنی کوردانی فنلاند لە شاری هێلسینکی بەڕێوە چوو.

کۆنگرەکە بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر ''وڵات نەهری''، سەرۆکی پێشووی فێدراسیۆنی کوردانی فنلاند، ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی یەک ساڵی ڕابردووی فێدراسیۆنی پێشکەش کرد و هەروەها بە ڕوونکردنەوەی بەرنامەی کاریی یەک ساڵی داهاتووی فێدراسیۆن و بودجەی تایبەت بە چالاکییەکانی ساڵی داهاتووشی بۆ پەسەندکردن بە ئەندامانی کۆنگرەی پێشنیار کرد.

لەم کۆنگریەدا ڕاپۆرتی کار و چالاکی ‌و هەروەها بەرنامەی ساڵی داهاتووی فێدراسیۆن، پاش ڕا و بۆچوون‌ و پێشنیاری بەشدارانی کۆنگرە، بە تێکڕای دەنگ پەسند کرا.

لە بەشێکی دیکەی کاری کۆنگرەدا کە هاوکات پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی فێدراسیۆنیش بوو، بە ئاوڕدانەوەیەک لە سەردەمی دامەزران‌ و چالاکی‌ و بەرپرسایەتیی داهاتووی فێدراسیۆن، ئەو یادە پیرۆز کرا و هەر بەم بۆنەشەوە، نووسەرێکی بەتوانای فنلاند بە ناوی "دوکتور کریستینا کۆیڤوونێن" کە دۆستی کوردە و چەند کتێبێکی لەسەر کورد نووسیوە، لەلایەن فێدراسیۆنەوە خەڵات کرا.

لە بەشێکی دیکە و لە کۆتایی کاری کۆنگرەدا، لە کەشێکی ئازاد و دێموکراتیکدا، سەرۆکی فێدراسیۆن و پاشان دەستەی بەڕێوەبەریی فێدراسیۆن هەڵبژێردران‌.

لەو کۆنگرەیەدا، ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی لاوان‌ و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ‌و هەروەها ڕێکخراوی "ڕاسانەوە"، بەشدار بوون.

فێدراسیۆنی کوردانی فنلاند بە هاوکاریی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فنلاند و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ١٧ ڕێکخراوی مەدەنیی کورد لە فنلاند، لە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری مەزنی کورد، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوودا دامەزراوە.

لە ماوەی پێنج ساڵدا، ژمارەی ئەندامانی فیدراسیۆنی کوردانی فنلاند، گەیشتووەتە ٣١ ڕێکخراو و هەر لەم ماوەیەدا بەپێی بەرنامە و پەیڕەوی نێوخۆ، فێدراسیۆن هەموو ساڵێک کۆنگرەی خۆی پێک هێناوە.