کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوه‌ندییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی حیزبی دێموکرات نامەیەکی سەرئاوەڵای لەهەمبەر مەترسیی نەخۆشیی کۆرۆنا و دۆخی کوردستان بڵاو کردەوە

11:58 - 27 رەشەمه 2719

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

بۆ کۆڕ و کۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان

ڕێکخراوی ته‌ندروستیی جیهانی

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی یه‌کێتیی ئورووپا

حیزب و ڕێکخراوانی دۆست و هاوپه‌یمان

به‌ڕێزان،

سڵاوی گەرمی ئێمە قەبووڵ بفەرموون

وەکوو ئاگادارن، بەداخەوە نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئێران بڵاو بووەتەوە و هەموو جوغرافیای ئێرانی گرتووەتەوە، بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کە پێکهاتەیەکی گەندەڵی هەیە و ژێرخانی لەشساغییەکەی قەیرانی زۆر گەورەی هەیە، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی ئێرانە.
 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ئاگاداری لە دۆخی ئێران و کوردستان کۆمیتەی قەیرانی پێک هێناوە. کۆمیتەکەی ئێمە لەو باوەڕەدایە یەکێک لە قەیرانە گەورەکان ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێران دەستی بە هیچ سەرچاوەیەکی زانیاریی جێگای باوەڕ ڕاناگات کە زانیاری لێ وەربگرێت، کۆمەڵگای ئێران لە ٤١ ساڵی ڕابردوودا هیچ متمانەیەکی بە دەزگای ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی نەماوە و ئەوەش وای کردووە زانیاری لە شوێنی جیاواز وەرگرێت و زۆر کەسیش بۆ ئەوەی دەرمانێک بفرۆشن زۆر بە گەرمی بەناوی دژه کۆرۆنابوون بانگەشە بۆ دەرمانەکەی دەکات؛ بۆ ئەو پرسە پێویسته بە یارمەتیی ڕێکخراوەی بێهداشتی جیهانی بەشی زمانی فارسی لە ماڵپەڕی سەرەکیی ئەو ڕێکخراوەیەدا بکرێتەوە و زانیارییە پێویستەکان لەو ڕێگایەوە بگاتە دەستی خەڵکی ئێران. 

کۆمیتەی ئێمە بەو هۆکارانەی خوارەوە پێی وایە که خەڵکی کوردستانی ئێران کە دەکەونە چوار پارێزگا، زیاتر گیانیان لە مەترسیدایە:

یەکەم: بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستی ڕێژەی تەخت لە کوردستان بە هەر هەزار کەس تەنیا ١.٥ تەختە و نەخۆشخانەکانڕرایانگەیاندووە کە توانایی دابینکردنی شتومەکی پێویستیان بۆ پاراستنی کارمەندەکانیشیان نییە.

دووهەم: سەرجەم بەرپرسانی نەخۆشخانەکانی کوردستان لەگەڵ خەڵکی دەوڵەمەندی کوردستان کۆبوونەوە و باسی ئەوەیان کردووە که هیچ بودجەیەکیان نییە، بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێویستە خەڵک بودجەیەک دابین بکەن و بیدەن به نەخۆشخانەکان بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ نەخۆشیی کۆرۆنا ڕووبەروو ببنەوە.

سێهەم: بە بڕیاری حکوومەت، بازاڕ، قوتابخانه و بەشێک لە ئیدارەی شارەکانی کوردستان داخراوە، بەڵام شارەکان قەەرنتینە نین و هاتوچۆی نێوان شارەکانیش بەردەوامە، بەو شێوەیە نەخۆشییەکە کۆنترۆل ناکرێت، ئەگەر بازاڕیش زیاتر لە مانگێک داخرێت ئەگەری هەیە قەیرانی ئابووریی گەورە ساز بێت و چون خەڵکی کوردستان زۆر هەژارن و ڕوونە توانایی ئەوەیان نییە بازاڕ بۆ ماوەی درێژ داخەن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی که نەخۆشییەکە بنەبڕ نەبێت.

چوارەم: لە پارێزگای ورمێ لە شاری سەردەشت، بەپێی ئامار ٨٠٠٠ کەس برینداری چەکی کیمیایی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق هەیە، هەتا ئێستا خەڵک بە شێوەی خۆبەخش هاتوچۆیان بۆ ئەو شارە ڕاگرتووە، حکوومەت هیچ هاوکارییان ناکات.

 پێنجەم: ڕێژەی هەژاری لە کوردستان زیاتر لە ٦٠ لەسەدی کۆمەڵگاکەیە، ئەگەر حکوومەت ئامادە نەبێت شتومەکی خواردنیان بۆ دابین بکات، ئەگەری زۆرە قەیرانی خۆراک لە کوردستان ساز بێت.

کومیتەی قەیرانی ئیمە بەوردی ئاگاداری دۆخی کوردستانه، دڵنیاتان دەکەینەوە ئەگەر پێش بەو قەیرانە نەگیرتێ کە لەوێ هەیە، خەڵکێکی زۆر تێدادەچن و نەخۆشییەکەیش بنەبڕ ناکرێت.

تکاتان لێدەکەین کە بە ڕێگای ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی سەردانی چوار پارێزگای ورمێ، کوردستان، کرماشان و ئیلام بکەن و خۆتان لە نزیکەوە دۆخەکە ببین و یارمەتیی ڕاستەوخۆ بە نەخۆشخانەکانی ئەو شارانە بدەن، دڵنیاتان دەکەینەوە بەهۆی هەژاریی خەڵک و پشتگوێخستنی حکوومەت، نەخۆشیی کۆرۆنا لەو ناوچەیە قەیرانی مرۆڤیی زۆر گەورە دەنێتەوە.

هەر گەڵاڵەیەکتان بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئێران داڕشت ئەوەتان لەبەرچاو بێت که پێکهاتەی ڕێژیم زۆر زۆر گەندەڵە و هاوکات ئاگادار بن کە ڕێژیم هەموو پرسێکیش لە کوردستان بە ڕوانگەی تەناهی و مەترسیی سەر دەسەڵاتداریی خۆی سەیری دەکات.

پێوه‌ندییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی حیزبی دێـموکراتی کوردستانی ئێران