کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە پارلەمانی سوئێد دیدارێکی پێک هێنا

12:45 - 11 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: هەیئەێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد بەمەبەستی دیدار و وتووێژ سەردانی پارلەمانی ئەو وڵاتەیان کرد .

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد، پێکهاتوو لە " حەمید تەیمووری "و "جەمیلە حەسەنخاڵی "بەمەبەستی دیدار و وتووێژ سەردانی پارلەمانی سوئێدیان کرد و چاویان بە خاتوو "مارگارێتا سێدێرفڵت"   Margareta Cederfelt نوێنەری نێونەتەوەیی حیزبی مودرات کۆنسرڤاتیڤ کەوت .

سەرەتای باسەکە بە هێرشی ناڕەوای تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد کە خاتوو مارگارێتا بە هێرشێکی ناڕەوا و دڕندانە وەسفی کرد و وێڕای دەربڕینی نیگرانیی خۆی و هیوای  چارەسەریی خێرای کێشەکە وتی کە جیهان دژی ئەم کردەوە ناڕەوایەیە و پارلەمانی ئورووپاش خەریکن کێشەکە تاوتۆی دەکەن.

پاشان سەبارەت بە هەلومەرجی کوردستانی خۆرهەڵات و هەڕەشەی ڕێژیمی ئاخوندی لە خەڵک، بڵاوەپێکردنی هێزی نیزامی و سپایی بۆ سەر سنوورەکان،  مانوڕی سپای پاسداران و ئەرتش لە دەوروبەری شاری ورمێ، هەڕەشەی ڕێژیم لە حیزبە کوردییەکانی خۆرهەڵات و بە تایبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گفتوگۆ کرا .

دواتر سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی باس کرا کە ڕێژیم بە تەواوەتی مافی مرۆڤ پێشێل دەکا و گرتن و ئێعدامەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ لە پەرەسەندندایە.

دواتر لە سەر ڕاپۆرتی جاوید ڕەحمان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران باس کرا کە لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا باسی لەم بابەتانە کردووە:

گیران و ئەشکەنجەدرانی نەتەوەکان و کەمینە مەزهەبیەکان بە هۆی چالاکیی ئاشتیخوازانەوە ، لەسێدارەدرانی ٧ منداڵ لە ئێراندا و چاوەڕوانیی ٩٠ منداڵی دیکە بۆ جێبەجێبوونی ئەم سزایە، دەسبەسەرکرانی ٧ پارێزەر، زۆربووونی سزای لەسێدارەدران لە ئێراندا، سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە ژێر چاوەدێریی سپای قودسدا، کوشتن و برینداربوونی کۆڵبەران، خۆکوژی لاوان، دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لە وڵاتانی عێراق، سووریە، یەمەن، لوبنان و باشووری کوردستان، کوژرانی خەڵکی خۆپێشاندەر لە شارەکانی عێراق لە لایەن حەشدی شەعبی و سپای پاسدارانەوە، کاریگەریی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران و هەروەها بەردەوامیی چالاکییەکانی ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەپارێزییەکان و هەروەها مامۆستایان و کاسبکاران.

خاتوو مارگارێتا لە سەر هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا باسی کرد کە پارلەمانی ئورووپا خەریکی تاوتوێکردنی پرسەکەیە و بە دوای چارەسەردا دەگەڕێن، هەرچەند زۆربەی وڵاتانی جیهان دژی ئەم هێرشەن، کە بەداخەوە کوشتنی منداڵان، لاوان، ژنان و پەککەوتووان و ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆری لێدەکەوێتەوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئورووپا لە سەر ئێران خەریکی وتووێژن و وتی: "هەرچەند ئێران خەریکی ئەتۆم و پیتاندنی ئۆرانیۆمە و لە لایەکیشەوە لە قەیرانی ئابوریدا دەژی، ئێمەش زۆر نیگەرانین بۆ ئەو کێشانەی کە ڕۆژانە بەرەوڕووی خەڵک دەبنەوە کە هەمووی بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ڕێژیمە.

ناوبراو وتی ئێمەش لە نیگەرانی حیزبی دێموکرات و ڕێکخراوەکانی تر تێدەگەین کە ڕێژیم هەردەم هەڕەشەیان لێدەکا، بەڵام با بزانین پارلەمانی ئورووپا و ئامریکا بە چ چارەسەرێکی بنەڕەتی دەگەنە.

هەیئەتی حیزب لەم دیدارەدا داوایان کرد کە مودرات دەبێ لە سەر پرسی کورد هەم لە پارلەمانی سوئێد و هەم لەگەڵ حکوومەتدا هەنگاوی جیدی هەڵبگرێ بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن بۆ چارەسەریی کێشەی کورد و بە جۆرێکیش سەبارەت بە نەتەوەکانی تری ئێران وەک کورد، عەرەب، بەلووچ و هەتا دوایی گوشار بخەنە سەر ڕێژیم و هەروەها لە سەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کەمایەتییە مەزهەبیەکان و پرسی کورد لە ئێراندا ڕاپۆرت ئامادە بکەن.

ناوبراو وتی ئێمە هەردەم ئەو کێشانە باس دەکەین و مودرات هەردەم لەسەر پرسی کورد وتووێژ دەکا چ لە پارلەمان و چ لە نێو دامودەزگای حکوومەت و تەنانەت لە نێوخۆی خۆمانیش.

ئەم دیدارە پاش یەک کاتژمێر  لە کاتژمێر ١١ی سەر لەبەیانیدا کۆتایی هات.