کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سەرەخۆشیی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بۆ کۆچی دوایی مامۆستا پەرتەو کرماشانی

11:09 - 6 رێبەندان 2721

"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ کۆچی دوایی مامۆستا "پەرتەو کرماشانی" پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

مەرگی شاعیر، نەتەوەیەک داخدار دەکات

بەداخەوە مامۆستای پایەبەرز و شاعیری دەروەستی گەل و زمان و نیشتمان، "عەلی ئەشرەف نۆبەتی" ناسراو بە "پەرتەو کرماشانی" کۆچی دوایی کرد. شاعیرێک کە لە دوو ڕێژیمی پاشایەتی و ئیسلامیدا کە هەردووکیان لە ڕاستیدا یەک ڕێژیم دژ بە کوردستان و کورد بوون، سەری بۆ ستەمکاران شۆڕ نەکرد و خزمەتێکی گەورەی لە ڕێگەی هەزاران بەیتی شێعرەوە بە زمانی نەتەوەکەی و نیشتمانی کوردستان گەیاند.

خاکی پڕپیت و پڕ هونەری کرماشان جگەرگۆشەی کوردستانی نیشتمانی خۆشەویستمان، شاعیرێکی دەروەست لەباوەش دەگرێت و هەموومان بۆ مەرگی داخدارین، بەڵام شێعرەکانی و خزمەتەکانی بە زمان و کەلتووری نەتەوەکەی تا هەتایە زیندووە و منداڵانی نەوەکانی کوردی پێ بار دەهێنرێت.

بەبۆنەی مەرگی شاعیری پایەبەرز "پەرتەو کرماشانی" سەرەخۆشی لە هەموو نەتەوەی کورد و بەتایبەت خەڵکی نیشتمانپەروەری کرماشان و لە کۆمەڵگەی ئەدەبی و ڕووناکبیریی کوردستان و هەروەها بنەماڵەی داخداری دەکەم. ڕۆحی پەرتەوی شاعیر شاد و نیشتمانی کوردستان ئاوەدان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی