"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا بۆ کۆچی دوایی "عوسمان ئۆجەلان"، سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی ناوبراو و هاوسەنگەرانی کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەر "عوسمان ئۆجەلان" لە ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بەرابەر لەگەڵ ١٥ی نوامبری ٢٠٢١ی زایینی لە شاری هەولێر، جێگای داخ و پەژارەمانە.
بەڕێز "عوسمان ئۆجەلان" خەباتکارێکی ڕێگای ئازادیی گەل و نیشتمان بوو و ساڵانێکی زۆر لەو پێناوەدا تێکۆشانی هەبوو، هەر ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی بە ناچاری زێدەکەی بەجێ بهێڵێت و لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بێت.
ئێمە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەمان، سەرەخۆشیی خۆمان بە بنەماڵەی بەڕێز "عوسمان ئۆجەلان" و هاوسەنگەرانی ڕادەگەیەنین و لەو ڕووداوە ماتەمینەدا خۆمان بە بەشدار دەزانین.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری
٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی
١٦ی نوامبری ٢٠٢١ی زایینی