کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، بۆ ڕۆژی کەمئەندامانی ڕیزەکانی خەبات

09:45 - 16 سەرماوەز 2721

"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیام بۆ ڕۆژی کەمئەندامانی ڕیزەکانی خەبات

ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز، لەلایەن ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتەوە وەکوو ڕۆژی ڕێزگرتن لە خەبات و گیانفیدایی کەمئەندامانی شۆڕش دیاری کراوە. لەم ڕۆژەدا و لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا فەرماندەی ئازا و بەورەی هێزی پیشمەرگە، مامۆستا "حەسەن شیوەسەڵی" لە کردەوەیەکی تێرۆریستیی دوژمنانی گەلدا بەشێک لە ئەندامانی جەستەی لەدەست دا.

لە ڕیزی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورددا، بە سەدان کەس لەوپەڕی گیانفیداییدا بەشێک لە جەستەیان پێشکەشی ڕەوتی خەبات و تێکۆشان کردووە و هەر بۆیە لە وەها ڕۆژێکدا پێویستە ڕێز لە گیانفیدایی، قارەمانی و بەخشندەیی ئەو تێکۆشەرانە بگرین و لەگەڵ هەستکردن بە ئازارە جەستەییەکانیان، شانازی بە بوونیان و بەخشندەییان بکەین.

سڵاوی ڕێز و وەفا بۆ هەموو ئەو بەخشندانە دەنێرین کە گرانبەهاترین سەرمایەیان، بەشێک لە جەستەیان پێشکەشی ڕێگای خەبات و تێکۆشانی ڕزگاریی گەل و نیشتمانی کوردستان کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی