کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، بە بۆنەی کۆچی دوایی "حەمید دەروێشـ"ـەوە

11:39 - 2 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به بۆنەی کۆچی دوایی "حەمید دەروێش"، سکرتێری گشتیی پارتی دێموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریه، لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی مەکتەبی سیاسیی ئەو پارتە کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریە

وێڕای سڵاوێکی گەرم 

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی و تێکۆشەری دێرینی نەتەوەکەمان، کاک ''حەمید حاجی دەروێش''، سکرتێری گشتیی پارتی دێموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریەمان پێگەییشت.

کاک ''حەمید '' جگە لەوەی کەسایەتییەکی بەرزی سیاسی و نیشتمانپەروەر بوو، دۆستێکی بەوەفای حیزبی دێموکرات و دوکتور "قاسملوو" بوو کە تەمەنێکی درێژی لە ڕێگای خەبات بۆ ئامانجەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی سووریه تێپەڕاند. بۆیە لەدەستدانی، خەمێکی گەورەیە بۆ هەموو لایەکمان.

بەم بۆنەوە، لە لایەن ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیمان، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بەڕێزتان و سەرجەم ڕێبەریی پارتەکەتان و بنەماڵەی تێکۆشەریان دەکەین.

بە هیوای سەبووری بۆ هەموو لایەک.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی

٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زایینی