"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەنیسبەت تۆمارکردنی هەورامان لە یونسکۆ پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پەیامی پیرۆزبایی بەڕێز مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی بە فەرمی تۆمارکردنی هەورامان لە لیستی شوێنەوارە دێرینەکانی جیهان لە یونسکۆ
هەورامان وەک ناوچەیەکی دێرین، بە خەرمانێک دەسکەوتی مێژوویی لە بواری ئەدەب، سیاسەت، کەلەپوور و لە هەمووان گرینگتر بە پاڵپشتیی سەرجەم شۆڕش و بەرخۆدانەکانی کورد ناسراوە.
خۆشحاڵین لە دوایین بڕیاری یونسکۆدا، بەشی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی ئەو ناوچەیە خرایە ناو لیستی شوێنەوارە گرینگەکانی مرۆڤایەتی لە جیهاندا.
ئەم بڕیارەی یونسکۆ نیشانی دا کوردستان خاوەنی مێژوویەکی دێرین و نەتەوەی کورد پشتـئەستوور بە شارستانییەتی کۆنە.
بەم بۆنەوە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردپەروەر و خۆڕاگری هەورامانی ڕۆژهەڵات و گشت هەورامان دەکەین.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری
٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی