کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ماتەمینی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی تیرۆری دکتورقاسملوو

11:56 - 25 پووشپەڕ 2713

کوردستان میدیا: یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٤مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، پەیامێکی بڵاو کردەوە.


دەقی پەیامەکە:
به نێوی خوای مەزن

هاونیشتمانانی بەڕێز

کوردستانیانی هێژا

بەبۆنەی ساڵوەگەڕی تیرۆری رێبەری نەتەوییمان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، جارێکی دیکە وێڕای زیندوو راگرتنی ئەم کارەساته و کوسته گەورەیه پرسەی خۆمان ئاراستەی هەموو کوردستانیان و لە سەرەوەی ئەوانیشەوه تاکه یادگارییەکەی واتا حدکا دەکەین و له خوای مەزن داواکارین به هێنانه ئارای هەرچی زووتری ئایینی راستەقینه و ماف ویستی هەموو گەلان بێته ئاراوه و ریشەی تیرۆر و خودایانی تۆقاندن، تەقاندن و تیرۆریش بخاته سەراولێژیی نەبوون و زبڵدانی مێژووه.
دوکتور قاسملوو له کاتێکدا له وڵاتی نەناسیاو له هەندەران به دەستی تیرۆریستانی رێژیمی ئێران دەدرێته بەردڕندانەترین هێرش و بەزۆر گیانی لێ دەستێنن که بەڕێزیان شیاوترین و گونجاوترین رێگه  له هەمبەر چارەسەریی کێشەی نەتەوەیی نەتەوەیەک دەگرێته بەر که ئەویش دانوسان و حەلی هەموو کێشەکانه له سەرمێزی وتووێژ و حیوارکردندا هەر له بەر ئەم باره مرۆڤ ویستی و تەنانەت ئایینخوازیشەوه بەو پەڕی ورەوه هەنگاو دەنێت و به شوێن گونجاوترین رێگەدا به کەمترین خەسارەت و زۆرترین دەسکەوت بۆ گەلەکەی دەگەڕێ و شیاوترین گوزینه واته وتووێژ هەڵدەبژێرێ کە ئەمەش بەڵگەی هەره پتەو و تۆکمەیه لەسەر ئاشتیخوازی و شەڕنەویستیی ئەم مەزنه پیاوه گەرچی دەیتوانی رێگەی دیکەش له هەمبەر ئامانجەکانیدا هەڵبگرێ که هەروەک ئایینیش لەم بەستێنەدا ئاماژەی راستەوخۆ دەکا، که دەفەرموێ له بەرانبەر نەیاردا به باشتر له کردەوەی ئەوان وڵامدانەوەتان هەبێت و دانوسان له پێناو ئاشتەوایی و ئاشتەوای له پێناو بەدیهاتنی مافەکان به شیاوترین رێگه ئەژمار دەکا. بەڵام کاتێک دەسەڵات به دەستانی کۆماری به ناو ئیسلامی نەک هەر زراویان له ئایینی راستەقینه چووه و باوەڕیان به هیچ چەشنه مافێکی گەلەکەمان نییه بەڵکوو کاتێک دەزانن به بەڵگه و مەنتیقی بەهێز وهێزی ئاشتیخوازانەی دوکتور قاسملوودا ناتوانن خۆ بگرن و دەبێ تەسلیم بن و بەڵکوو ئایینی بۆنەکەشیان دەچێته ژێر هێمای پرسیارەوە و هەربۆیه له هەموو پیلان و درۆیەک جگه له وتووێژ و مەسڵەحەت بۆ قەڵاچۆ و له ناو بردنی گەلانی تر له سەرووی هەموان گەلی کورد بیردەکەنه و له هەرچەشنه دژکردەوەیەکی قیزەون و نەک هەر دژبه ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەڵکوو نامۆ به هەموو پڕەنسیپەکانی مروڤایەتی بۆ قۆرخ کردنی دەسەڵات کەڵک وەردەگرن هەر وەک له ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەم راستییه بۆ هەموو کەس ئاشکرا بووه که فەلسەفەی بوونی کۆماری ئیسلامی مانەوه لەسەر دەسەڵاته و بۆ پاراستنیشی هەرچەشنه مێتۆدیک بەرەوا دەزانێ هەر بۆیەشه هێندێک تیرۆریستی رێژیمی ئێران له پێستیی وتووێژکەردا بەوپەڕی دڕندەیی‌یەو لەسەرمێزی وتووێژ دوکتور شەهید دەکەن که مەخابن له بەرهێندێک سات و سەودای بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئوتریش لێپرسینەوەش له تیرۆریستان ناکرێ ئەمەشیان غەدرێکی دیکە و گەورەتر بوو کەلە گەلەکەمان کەوت.
گەر له دەلاقەی ئایینییەوە بڕوانینه تیرۆر و له گەڵ حکوومەتی به ناو ئیسلامیی ئێراندا رایان گرین و خوێندنەوەیەکی زانستییانه و بێ دەمار گرژییانەمان هەبێت ئەم راستییه دەردەکەوێ که نەک هەر تیرۆر و رەشەکوژی دەکەوێته خانه دژبەری ئایینی راستەقینه کە لەودا هێمنی و حەواوەی و رەچاو کردنی مافی ژیان بۆ هەر تاک و کۆمەڵێک بەرجەسته کراوه بەڵکوو به سوتر و بە ژان‌تر ئەمەیه که رێژیمی ئێران له ژێر سێبەری ئیسلام و به عەبا وعەنگالەی ئایینییەوه بوونەته خێوی خەڵک و جێگری بێ ئەملاولای خوا و خولقێنەری جینایەت به هەزاران بەرابەر له تیرۆر خرابتر و تەنیا تا ئەو کاته ئایین دەوری هەیه کەله بەرژەوەندیی ئەوان و له سەرووی هەمووشیان ویلایەتی بەرەڵای فەقیهـدا بێت و واتا بکرێت که پێویسته خەڵکی کوردستانیش که زیاد له نەوەدوپێنج له سەدی بڕوامەنده به ئیسلام باش بزانن ئەم کۆمارەی که پاشکۆی ئیسلامییە و شوێن خۆی داوه، فڕی به ئیسلامی راستەقینەوه نییه و بەڵکوو راست له پێچەوانەی ئیسلامی راستەقینەدا هەنگاو دەنێت و کۆمەڵگای گشتی بەلاڕێدا دەبات و خەڵک چەواشه دەکات.

بەڵام دەبێ دڵنیا بین که ئایین خۆی وادەی داوه و ستەم و ناداپەروەری و به لاڕێدا بردن له ژێرهەر ناوێکدا بێت تاسەر نایخوا و رۆژێک دەبێت چەوسێنەران نەک هەر له بەرانبەر خوای عەداڵەتدا وڵامدەربن بەڵکوو سزای هەموو جورم و جینایەتێک بدەنەوە هەروەک لەم چەند ساڵەی رابردوودا دیتمان چۆن دیکتاتۆران و چەوسێنەران بوونه وێردی زمان و له گۆڕ نران که بێ گومان مەرگی رێژیمی ئێرانیش نزیکه و ئەم قەدەره چاوەڕوانییانه.

جاریکی دیکە وێڕای پرسەمان بۆ خەڵکەکەمان له خوا داواکارین کەله پێناو وەدەست هێنانی هەموو مافه نەتەوەیی و ئایینییەکانمان که خوا خۆی دیاری داوه و بمان بداتێ و تێبکۆشین چونکه پیغەمبەر دەفەرموێ کوژران له پێناو دادپەروەریدا شەهید بوونه و کوشتن له پێناو نادادپەروەری به فیڕۆ چوونه.

وسلام علیکم و رحمت الله و برکاته
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

پووشپەڕى ١٣٩٢ی هەتاوی