کوردستان میدیا: "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانی لە موسڵمانانی جیهان، بەتایبەت خەڵکی کوردستانی ئێران کرد.
دەقی پەیامەکە:
جەژنی ڕەمەزانتان پیرۆز
بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان، جەژنی موسڵمانانی جیهان، پیرۆزبایی گەرمی خۆم پێشکەش بە هەموو موسڵمانان، بەتایبەت خۆشک و برا موسڵمانەکانم لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەم. ئاواتمە ڕۆژانی جەژن و هەموو ڕۆژانی دیکەی تەمەنی هاونیشتمانییانم پڕ بێ لە خۆشی، ئاشتی، تەبایی و بەختەوەری.
بێگومان ئەو ئاواتەش بە نەمانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ بێتە دی، چوونکە ئەم ڕێژیمە بۆ ماوەی نزیک بە چوار دەیەیە کە دەستی بە سەر نان و ئازادیی هەموو نەتەوەکانی ئێراندا گرتووە و سووکایەتی بە کەرامەت و کولتووری نەتەوەکەمانی کردووە و هەموو خەڵکی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کوردی لەو بەشە، لە هەموو مافەکانی بێبەش کردووە.
ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە ئیرادەیەکی یەکگرتووانە هەیە، بۆ ئەوەی ئەم دەستە کورت بکەینەوە و بەدیهێنەری جەژنی ڕزگاریی بین.
جەژنی ڕەمەزانتان پیرۆز و هاندەر بێ بۆ خەبات لە ڕێگای جەژنی ڕزگاری
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری
٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٧