"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵامی وتەکانی "نێچیروان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە کۆڕبەندی "ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست" لە دهۆک پێشکەشی کرد، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
وتەکانی بەڕێز "نێچیروان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە کۆڕبەندی "ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست" لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک پێشکەشی کرد بە گشتی و بە تایبەتی ئەو بەشەی کە پەیوەندیی بە چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە هەبوو، لەسەر بنەمای واقعییەتێکە کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە پشتە و جێبەجێکردنەکەی بەشێکی گرنگە لە دابینبوونی ئاسایش و ئاشتی لەو وڵاتانەدا کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە.
ئەم بۆچوونە کە لە کۆڕبەندێکی ئاوا گرنگ لەلایەن بەڕێز سەرۆکی هەرێمەوە سەرنجی خرایە سەر، بەشێکە لە سیاسەت و هەڵوێستی هەمیشەیی و فەرمیی ئێمە سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد، هەر بۆیە جێی دەستخۆشییە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری
١ی سهرماوهزی ١٤٠٠
٢٢ی نۆڤامبری ٢٠٢١