کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات بۆ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

10:52 - 10 خاکەلێوه 2722

 ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

کۆمەڵانی خەڵکی خۆڕاگر و شەهیدپەروەری کوردستان!

تێکۆشەرانی ڕێبازی شەهیدان، ڕێبازی ڕزگاریی کوردستان!

ئەمڕۆ لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژی شەهیدانی کورستاندا کۆ بووینەتەوە تا ڕێز و ئەمەگناسیمان بەرامبەر گیانفیدایی و لەخۆبردوویی شەهیدانی کوردستان نیشان بدەین، پەیمان لەگەڵ ئامانج و ڕێبازیان نوێ بکەینەوە.

هاوڕێیان و هاونیشتمانییان!

لەوکاتەوە نەتەوەی کورد هەستی بە بێ مافی، چەوسانەوە و بەتایبەتی تواندنەوەی نەتەوەیی کردووە، بزووتنەوە و خەباتیشی بۆ ڕزگاری لەو نەهامەتییە بەردەوام بووە و ڕۆڵەکانی کورد ئەوپەڕی فیداکارییان لە خۆیان نیشان داوە و ڕەوتی ئەو خەباتەیان بە خوێنی خۆیان زیندوو ڕاگرتووە، هەر لەبەر ئەوە، ئەو ڕۆڵانەی کە گیانیان لە پێناو پاراستنی نیشتمان و ناسنامەی نەتەوەیی و بەرگری لە مان و مەوجودییەتی نەتەوەکەیان بەخت دەکەن بە شەهید ناوزەد دەکرێن و پلەی شەهیدبوونیان پێ دەبەخشرێت.

ئەو کاتەی کە ڕۆڵەکانی کورد لە ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەیی و نیشتماندا گیان فیدا دەکەن، واتا کاتێک مەرگ لە پێناو ژیاندا خۆ دەنوێنێت، کەمترین ڕێزگرتن لەو فیداکاری و خۆبەختکردنە دیاریکردنی ڕۆژێکە بە ناوی شەهیدان، لەگەڵ ئەوەی کە هەموو ڕۆژێک ڕۆژی شەهیدانی کوردستانە، هەموو ڕۆژێک ڕۆژی ڕێزگرتنە لە شەهیدان و هیچ شوێنێکی ئەو نیشتمانە نییە کە مەزارگەیەکی شەهیدانی لە ئامێز نەگرتبێت، بەڵام بۆ ئەوەی لە ڕۆژێکی تایبەتیدا هەموومان بەسەریەکەوە ڕێز لە شەهیدانی کوردستان بگرین، ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوای کورد و سەرۆکی تاقانە کۆماری کوردستان، وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دەستنیشان کراوە.

١٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی ئەو ڕووداوە تاڵەیە، ڕووداوێک کە پێمان دەڵێت فیداکاری و گیانبەختکردن لە پێناو نەتەوە و نیشتماندا لە ڕوحی مافویستیی ڕێبەرانی ئێمەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەو تایبەتمەندییە پاش شەهیدکرانی پێشەوای نەمریش سەبارەت بە ڕێبەرانی دیکەمان هەر خۆی نیشان دەدا.

پێشەوا ئەو ڕێبەرەی کە لەو باوەڕەدا بوو کە بە گیانبەختکردن لە پێناو ڕێباز و باوەڕەکەیدا، نەک ڕێبازەکەی لەنێو ناچێت بەڵکوو ئەو ڕێباز و باوەڕە بە زیندوویی و پەرەگرتوویی دەمێنێتەوە، بە شێوەیەک کە تێکەڵ بە خوێنی هەر ڕۆڵەیەکی ئازادیخوازی کورد بۆتەوە و دەشبێتەوە.

گیانفیدایی کەسایەتیەکی وەک پێشەوا لە پێناو نیشتمان و نەتەوەدا، بوو بە هێمای هەرمان و زیندوومانەوە، بە شێوەیەک کە ئەو گیانفیدایی و لەخۆبردوییە لە دڵ و مێشکی هەر خەباتکار و تێکۆشەرێکی کورددا چەکەرەی کرد،  هەر بۆیە دەبینین کە سەدان و هەزاران تێکۆشەری و خەباتکاری کورد ڕێگای پڕ لە سەروەریی نەمریان هەڵبژارد و بە کردەوە نیشانیان دا کە ئەم نەتەوەیە لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و مافەکانی لە هیچ سەختی و گوشارێک سڵ ناکاتەوە بەڵکوو بە شەهیدبوونی ڕۆڵەکانی و تەنانەت ڕێبەرانی، خەبات بەردەوام و بەرینتر دەبێت.

ئەمڕۆش دەبینین کە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی ناوەندی و زاڵ بەسەر کوردستاندا، سەبارەت بە مافە ڕەواکان و خواستەکانی نەتەوەی کورد، هەمان ڕوانگە و بیرکردنەوەیە کە پێشەوای کوردستانی  پێ لە سێدارە درا. لە بەناو دادگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە هەمان شێوەی ٧٥ ساڵ لەمەوپێش بڕیار لەسەر ڕۆڵە ئازادیخواز و مافویستەکانی کورد دەدرێت و دەنگی حەقویستییان  بە زیندان و سێدارە وەڵام دەدرێتەوە و پشتیوانیی بەناو یاسایشی بۆ دادەتاشن،  زەبروزەنگ و سەرکوت لە دژی نەتەوەکەمان بەردەوام بەڕێوە دەبن و تەنانەت لە کەمترین مافەکانی شارۆمەندی بێبەشیان دەکەن. دەسەڵاتداران باش دەزانن کە ئەوەی لە دژی نەتەوەکەمان کردوویانە و دەیکەن نەک ئێمەی بە چۆک دانەهێنا و لە داوا ڕەواکانمان پاشگەزی نەکردینەوە، بەڵکوو شێلگیرتر لە پێشوو بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکانمان خەبات دەکەین و لەو پێناوەشدا ئەگەر پێویست بێت باوەش بۆ مەرگ دەکەینەوە.

خەبات و تێکۆشانی بێ وچان و بەردەوامی حیزبی دێموکرات نیشانەی زیندووڕاگرتنی ڕێبازی ڕزگاریی نەتەوەیی، ئەمەگناسی و وەفادارییە بە ڕێگای شەهیدانی کورد و کوردستان، ڕێبوارانی ئەم ڕێگایە لە ڕیزەکانی حیزبەکەماندا بە لەخۆبردوویی لە پێناو ئامانجەکانی شەهیدانی گەلەکەمان  تێدۆکۆشن.

لەگەڵ ئەوەی کە گیانفیدایی لە پێناو ژیان و ئازادیی نەتەوەییدا شانازییەکی گەلێک گەورەیە، بێگومان لەدەستدانی ڕۆڵەکانمان بۆ هەموومان بەتایبەت بۆ بنەماڵەکانیان خەمێکی گەورە و بێکۆتاییە، هەر بۆیە پێویستە بەرامبەر بنەماڵەی شەهیدان ئەمەگناس بین و ڕێزیان لێ بگرین، لە هەمان کاتیشدا بەڵێنیان پێ بدەین کە سووربین لە درێژەدان بە خەبات لە پێناو وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی ڕۆڵە شەهیدەکانمان کە ئەوە باشترین پاداشە بۆ شەهیدان.

لە ڕۆژی شەهیدانی ئەمساڵ، ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی پێشەوا و هاوڕێکانیدا بەجێیە هەم بەرگرییەکانی پێشەوا لە ماف و ئازادییەکانی کورد لە بێدادگاکانی ڕێژیمی پاشایەتی بە شێوەیەکی شایان بەرز بنرخێنین و هەم ئەوجارەش ڕاسپاردە و وەسیەتەکانی پێشەوا بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ئامۆژگارییانەی کە بۆ تەبایی و یەکگرتوویی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، ڕوو لە خۆ و پشت لە دوژمن، لە ئێمەی دەوێت.

لە کۆتاییدا ئاوەتەخوازین بە دابینبوونی مافی کورد و ئازادییەکانی، ڕەوتی بەرینی شەهیدبوونی ڕۆڵەکانی کورد کۆتایی پێ بێت و چیدی نەتەوەکەمان ناچار نەبێت لە پێناو مافی ڕەوای خۆیدا هەڵگری زامی زیاتر بێت.

سڵاو بۆ گیان پاکی شەهید پێشەوا و هاوڕێیانی

سڵاو بۆ گیان پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان

سەری ڕێز و حورمەت بەرامبەر بنەماڵەی شەهیدان

سڵاو لە زیندانییانی سیاسی

سووربوون لەسەر ڕێگای شەهیدان تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان

١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی

٣٠ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی