هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوئید بۆ کۆچی دوایی کاک ''ئەحمەد کاکەمەمی'' ئەدیب و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی هاوخەمییان ئاراستەی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئید کرد.
فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوئید بەنیسبەت کۆچی دوایی کاک ''ئەحمەد کاکەمەمی'' ئەدیب و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات، لە پەیامێکی هاوخەمیدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئید، بنەماڵە بەڕێزەکەیان، دۆست و هەموو کادر و پێشمەرگەکان کرد.
هاوکات هەر یەک لە لێژنەی پارتی دێموکراتی کوردستان و ناوەندی سوئیدی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، لە دوو پەیامی هاوخەمیی جیاوازدا هێمایان بۆ کەسایەتی و خەباتی کاک ''ئەحمەد'' کردووە و ڕۆڵ و کاریگەریی ناوبراویان لە تێکۆشانی نەتەوەیی و فەرهەنگیی کوردەکان لە تاراوگە بە تایبەتی لە وڵاتی سوئید بەرز نرخاندووە.
ئەو لایەنانە وێڕای بەداخبوونیان بۆ ئەو کۆچە، سەرەخۆشیی خۆیان بە حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی کۆچکردوو و هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکرات ڕاگەیاندووە.
کاک "ئەحمەد کاکەمەمی" کەسایەتییەکی تێکۆشەر و خەباتکار، خەڵکی "مەهاباد" و دانیشتووی وڵاتی "سوئید" ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ستۆکهۆڵم دڵی گەورە و پڕ لە ئەوینی لە لێدان کەوت و کۆڕی یارانی بەجێ هێشت.