کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی "جێژنی خاوەنکار"ەوە

12:05 - 21 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا، بە بۆنەی جێژنی  خاوەنکار، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

جێژنی خاوەنکار لە پێڕەوانی ئایینی یاری پیرۆز بێت.

بە بۆنەی جێژنی خاوەنکار، جێژنی ئایینی یاری، پیرۆزبایی لە هەموو پێڕەوانی ئەو ئایینە بەتایبەت هاونیشتمانییە خۆشەویستە یارسانییەکانمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕێبەرە ئایینییەکانیان دەکەم.

بەداخەوە لە کوردستانی ئێران بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی ئایینی یاری وەک ڕێوڕەسمەکانی هەندێک لە پێڕەوانی ئایینەکانی دیکە لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی قەدەغەکراوە و بەڕێوەبەران و بەشدارانی بۆنەکانی پێڕەوانی ئەو ئایینانە دەکەونە ژێر زەبر و زەنگ و بێحورمەتی بە باوەڕ و کولتووریان دەکرێت، کە ئەوە بۆ خۆی پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤە.

هیوادارین ئەم ڕێژیمە لەژێر گوشاری زۆری نێوخۆ و دەرەکی کە بۆ خۆی پێکهێنەریانە و خەباتی هەموو ئازادیخوازانی ئێرانە، بڕووخێت و حکوومەتێکی دێموکراتیک جێگای بگرێتەوە کە ڕێز بۆ بیروباوەڕی ئایینی هەموو کەس دابنێت و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانیان یاسایی بکرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی