کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٨ی مارس

23:13 - 17 رەشەمه 2720

مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، بۆنەیەکە کە دەسکەوت و پێشکەوتنی مافەکانی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا بەرز دەنرخێندرێ. هاوکات وەبیرهێنەرەوەی دۆخی ستەم و هەڵاواردنی سەر ژنانە کە گەلێک ڕەهەندی جیاوازی هەیە.

لەو پەیوەندییەدا، دۆخی ستەم و سەرکوت و بێ بایەخ‌کردنی ژنان و مافەکانیان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دۆخێکی بەردەوام بووە؛ بە جۆرێک کە ساڵی ٢٠١٩، بە گوێرەی ڕاپۆرتە جیهانییەکان، کۆماری ئیسلامی لە خشتەی یەکسانیی ڕەگەزیدا، لە کۆی ١٩ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە پاڵ وڵاتانی سووریە، عێراق، پاکستان و یەمەن لە ڕیزی ١٦هەمدا بووە.

لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، مافی یەکسانیی ژن و پیاو، وەک ئەسڵێکی نەگۆڕ و بنەڕەتی سەلمێنراوە و خەباتی بۆ دەکرێت و هاوکاتیش، وەک پڕەنسیپێکی دێموکراتیک و جیهانی، باوەڕمان پێیەتی و خوازیاری یەکسانیی مافی ژن  و پیاو لە بنەماڵە و کۆمەڵگاداین.

٨ی مارس لە هەموو ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز پیرۆز بێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری