کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان

11:08 - 22 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دووتوێی  پەیامێکدا پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی گەیاندە بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی تازەهەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستانی عێراق.

 دەقی پەیامەکەیان بەم چەشنەیە:

زۆر بەڕێز/ جەنابی کاک مەسروور بارزانی

سڵاوێکی دۆستانە،

لە لایەن خۆم و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پیرۆزبایی گەرمتان پێشکەش دەکەم، بە بۆنەی هەڵبژاردنتان لە پارلمانی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆک وەزیرانی ئەو هەرێمە.

بێگومان لەم قۆناغەدا کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆر کێشە و کەموکووڕیی ناوخۆیی و دەرەکی بەرەوڕوویە و چاوەڕوانیی خەڵکیش لە کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی بەڕێزتان لە ئاستێکی بەرزدایە، بەرپرسیاریەتییەکی زۆر گەورەتان کەوتووەتە سەرشان.

هیوادارین بە هەستکردن بەو بەرپرسایەتییە و لە هەمان کاتدا، کەڵک وەرگرتنی بەجێ لە هەموو دەرفەتەکان، بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بن و هەرێمی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی، ئاشتی و ئاوەدانی ڕاکێشن.

لەگەڵ ڕێزی دووبارە

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی

١٢ی ژووئەنی ٢٠١٩ی زایینی