کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دووتوێی پەیامێکدا پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی گەیاندە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستانی عێراق.
دەقی پەیامەکەیان بەم چەشنەیە:
بەڕێز/ جەنابی کاک نێچیروان بارزانی
سڵاوێکی گەرم
لەم کاتەدا کە خەباتی کورد لە هەموو بەشەکاندا بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێ، هەڵبژاردنی بەڕێزتان لە لایەن پارلمانەوە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێ سپاردنی ئەرکێکی قورسە، بەڵام ئێمە پێمان وایە کە بە کەڵکوەرگرتن لەو ئەزموونە بەرچاوەی کە لە ماوەی ساڵانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێم وەسەریەکتان ناوە و، هەستکردن بەو بەرپرسیاریەتییە گرنگ ومێژووییەی دەکەوێتە سەرشانتان لە راستای جووڵانەوەی کورد بەگشتی، هەموو توانای خۆتان بەکار دێنن.
ئێمە بەم هەڵبژاردنە بەجێیەی پارلمانی هەرێمی کوردستان خوشحاڵین و بەم بۆنەوە لە لایەن خۆم و تێکڕای رێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پڕ بەدڵ پیرۆزباییتان لێ دەکەین و ئاواتمان سەرکەوتنتانە.
لەگەڵ ڕێزی دووبارە
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری
٨ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی
٢٩ی مەی ٢٠١٩ی زایینی