کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی مافی مرۆڤی ئاڵمانی و ئێرانی نامەیەکیان بۆ سەرکۆماری ئاڵمان نارد

10:48 - 20 رێبەندان 2719

٧٠ كەسایەتیی سیاسی و چالاكی مافی مرۆڤی ئاڵمانی و ئێرانی نامەیەکیان بۆ سەركۆماری ئاڵمان نارد کە ناوبراو ئەمساڵ بهبۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان پیرۆزبایی لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران نەکات.

ساڵی پێشوو، "واڵتر شتاینمایەر"، سەركۆماری ئاڵمان، بەبۆنەی ساڵڕۆژی شۆڕشی ئێران، بەفەرمی و لە ڕێگای نووسراوەوە پیرۆزبایی لە سەرانی ڕێژیمی ئێران كرد و بەم هۆیەشەوە كەوتە بەر ڕەخنەی زۆر کەس لە ئاڵمان و دەرەوەی ئاڵمان.

لەم پێوەندییەدا، كۆمەڵێک لە چالاكانی سیاسی، مافی مرۆڤ، مامۆستای زانكۆ، ڕۆژنامەنووس و نووسەری ئاڵمانی و ئێرانی نامەیەكیان ئاراستەی سەركۆماری ئاڵمان كرد و داوایان لێكرد ئەمساڵ چیدیكە پیرۆزبایی لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەكات.

لە بەشێكی نامەكەدا هاتووە: "ئێستا پاش ٤١ ساڵ، دەرفەتی ئەوە ڕەخساوە ئاڵمان پشتگیریی ئەو ئێرانییانە بكات که دەیان ساڵە بو دەستەبەركردنی ئازادی، دێموكراسی و سێكولاریزم خەبات دەكەن".

هەروەها لە نامەكەدا نووسراوە: "ئێستا دەرفەتێكی مێژوویی ڕەخساوە و گوشارە نێوخۆیی و دەرەكییەكان بو سەر ڕێژیم هیچكات بەم ڕێژەیە نەبوونە".

ڕۆژی ٨ی فێڤرییەی ٢٠٢٠ی زایینی و چەند ڕۆژ پاش ئەوەیکه ئەم نامەیە ڕادەستی دەفتەری سەركۆماری ئاڵمان كرا، وتەبێژی فەرمیی سەركۆمار ڕایگەیاند كە "والتر شتاینمایەر" ئەمساڵ ئامادە نییە بەبۆنەی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە پیرۆزبایی لە سەرانی ڕێژێم بكات.

ئەم نامەیە لەلایەن ڕێكخراوی "Mideast Freedom Forum Berlin" ئامادە كرابوو.

"هیوا بەهرامی"، بەرپرسی پەیوەندیە نێونەتەوەییەكانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەكێک لە واژۆكەرانی ئەم نامەیەیە.