کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکه‌وتنی نوێنه‌ری حیزب له پارلمانی ئاڵمان

17:02 - 9 رێبەندان 2719

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلمانی ئاڵمان، دیدارێکی لەگەڵ ئەندام فراکسیۆنێکی حیزبی سوسیال دێموکرات پێکهێنا.

"مستەفا قازیزادە"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی ئاڵمان دیدارێکی لەگەڵ "نیلس شمید"، ئه‌ندامی فراکسیۆنی پارتی "سوسیال دێموکرات" و  ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی پارلمان ئه‌نجام دا.

لەو دانیشتنەدا، نوێنه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای باسێکی گشتی سه‌باره‌ت به سیاسه‌ته‌کانی حیزبەکەی، ئامانجی حیزبی دێموکراتی سه‌باره‌ت بە پرسی کورد له کوردستانی ڕۆژهەڵات و داهاتووی ئێران و پرسی فێدراڵیزم ڕوون کرده‌وه.

هه‌روەها هه‌وڵه‌کانی حیزبی دێموکراتی له چوارچێوه‌ی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کان بو ئێرانێکی فێدراڵ و چه‌ندین هاوپەیمانیی دیکەی خسته‌ به‌رچاو.

نوێنه‌ری حیزب سه‌باره‌ت به ڕۆڵی  وێرانکەری ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوا و هەڵسوکەوتە سیخوڕانییەکانی ئێرانی لە ئاڵمان و بەگشتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی وەک مەترسییەکی گەورە بۆ ئاشتی و دێموکراسی ڕوون کردەوە.

"قازیزادە"، له بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژه‌ی به بارودۆخی ئێستای مافی مرۆڤ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد.

هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا باری ئاڵۆزی وڵات، پێشێلکردنی بێسنووری مافی مرۆڤ لە کاتی سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییانە و سەرکوتی زیاتری گەلی کورد هاتە باس و گفتوگۆ.