کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ پارتی سوسیال دێموکراتی ئوتریش

13:07 - 27 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی ئوتریش، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سکرتێری نێودەوڵەتیی پارتی سووسیال دیموکراتی ئوتریش پێک هێنا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی ڕێبەندان، لە چوارچێوەی چالاكییەکانی پێوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی  ئێران، "ئەرسەلان جەودەتیان"، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش، دیدارێکی لەگەڵ خاتوو "ئیلیا دیب"، سکرتێری نێونه‌ته‌وه‌یی پارتی سووسیال دێموکراتی ئوتریش پێک هێنا.

‎لەم دانیشتنەدا، نوێنەری حیزب، بە وردی باسی لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کرد.

لە بەشێکی  دیکەی دانیشتنەکەدا، جەودەتیان، تیشکی خستەسەر ڕەوشی نالەباری زیندانییانی سیاسی لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان و لە هەمان کاتدا حاشاکردنی ڕێژیم لە بوونیان. هەر لەم پێوەندییەدا لیستەیەک لە بەندکراوانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە خاتوو ئیلیا دیب، پێشکەش و داوا کرا، کە لە سیاسەتەکانیاندا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، پرسی نەتەوەکان لە ئیران و بەتایبەتی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەراوێز نەخرێت و کردەوە قێزەونەکانی ڕێژیم لە کوردستان دژ بە گەلی کورد  پشتگوێ نەخرێن.
لەم چاوپێکەوتنەدا خاتوو دیب بەڵێنی دا، تا ئەو ڕادەیە کە بۆیان بکرێت، لە زەقکردنەوەی پرسی كورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوكاری بکەن.