کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چلەی ماتەمین

20:06 - 15 رێبەندان 2718

کەریم پەرویزی

لە هەندێک کەلتووری نەتەوەکاندا، کاتێک کەسێکی ئازیزیان کۆچی دوایی دەکا، تەنیا سێ رۆژ بۆی دەگرین و رێوڕەسمی بۆ دەگرن. هەندێ کەلتووریش هەیە، یەک رێوڕەسمی تایبەتی لە رۆژی ناشتنی دەگرن و ئیدی ماتەمینی درێژماوەی بۆ ناگرن. لە یەکێک لە وڵاتانی ئامریکای لاتینیش، لە ساڵدا رۆژێکیان هەیە بە ناوی رۆژی مردووان کە لەو رۆژەدا هەموو خەڵک دەچنە گۆڕستان و میوانی و میوانداری لە سەر گۆڕی کەسە ئازیزە لەدەستچووەکەیان دەگرن.

لە ئێراندا، بەتایبەتی لە هەندێ شوێندا رێوڕەسمی تایبەتی بۆ کۆچکردووان زۆرە و لە بەڕێکردن و ناشتنەوە بگرە تا سێ رۆژە و تا حەفتە و هەڵوادان و چلە و ساڵانە و ... زۆر شتی تایبەتیی هەیە.

کاتێک کۆستی بنەماڵەیەک دەکەوێ، ئەو هەموو رێوڕەسمەی بۆ دەگرن، گەر کۆستی خەڵکی وڵاتیك بکەوێ و نەتەوەکانی ئەو وڵاتە تووشی نەهامەتی ببن دەبێ چ شینگێڕییەکی بۆ بکرێ؟

ئەمە بۆ چل ساڵ دەچی کە کۆستی خەڵکانی نێو وڵاتی بەڵالێدراوی ئێران کەوتووە و هەموو ساڵێک لە زستاندا ئەو کۆستە تازە دەبێتەوە و برینەکان دەکولێنەوەو خوێنیان لێ دەچۆڕێ.

هەموو ساڵێک لە رۆژی هاتنەوەی وەیشوومەدا، رێژیمی دەسەڵاتدار، جەژنی سەرکەوتنی بەسەر ئازادیدا دەگرێ و لە دەوری گۆڕی ئازادی کۆدەبێتەوە و میوانداری دەدا، لە هەمان دەمدا خەڵکانی ئێران و نەتەوە بەشخوراوەکانی ئێرانیش بە دزییەوە و لە ماڵەوە شین دەگێڕن لە دەوری هێما و خولیای ئازادیدا کە چل ساڵە لێیان دزراوە و لە گۆڕ نراوە.

رێژیمی ئیسلامیی حاکم لە تاران رەنگە خۆیان بۆ ئەو هەموو تاوان و دڕندەییە کە لە پێناوی مانەوەیاندا ئەنجامیاندا ئامادە نەکردبوو و هەر وەک وەیشوومەی هێنراوە لە ئورووپاوە وتی، لە رێژیمەکەیاندا کومۆنیستەکان و بێدینانیش ئازاد دەبن! بەڵام کە چوونە سەر تەختی دەسەڵاتداری و کەلتووری دواکەوتووی خەڵکیان بینی کە چۆناوچۆن پێشوازییان لێ دەکا، ئیدی تەماحی دەسەڵاتی هەتاهەتایی گرتنی و کاتێک خەڵک وێنەی وەیشوومەیان لە نێو مانگدا دەدی، ئەو لەبیری ئەوەدا بوو کە مانگیان لێ بدزێ.

چل ساڵە خەڵک بە دەوری گۆڕی ئازادیی لە گۆڕنراودا شین دەگێڕن، رێژیمیش شایی؛ بەڵام ئیدی لەم کەلتوورەی نێو ئێراندا تێپەڕینی چلە، کۆتایی دەورانێکە و دەسپێکی دەورانی دیکە. ئێستە ئیدی چلەی تێدەپەڕێ و خەڵک هیوایان بە مەرگی ئەم رێژیمە بەستووە و رێژیمیش تارماییەکانی مەرگی بەچاوی خۆی بینیوە.

بەڵام لە مەرگی رێژیم گرنگتر، مەرگی کەلتووی دواکەوتوویی و فاشیستییە کە رێگە نەدرێ جارێکی دیکە وێنەی کەس لە نێو مانگدا ببینرێتەوە.