ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕ، لەسەر داوای چەند لایەنی کوردستانی، کۆبوونەوەیەک لە بنکەی سەرەکیی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ لە ئوسلۆی پێتەختی ئەو وڵاتە پێک هات و چەند پرسێکی گرینگی تایبەت بە بارودۆخی کوردستان، تاوتوێ کران.
نوێنەرانی لایەنە کوردستانییەکان پێکهاتبوون لە ''گەلاوێژ محەممەدی'' بەرپرسی بەشی پێوەندییە نۆروێژییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ''مەحموود بیرۆ'' بەرپرسی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە لقی نۆروێژ و ''مەنسوور عەزیزی'' نوێنەری نۆروێژی ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوە کە لەگەڵ شاندی خانەخوێ کە بریتی بوون لە "ئەڕنە یەرموندسن" بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەیسی ئێران و "ماریا تایگن" بەرپرسی کەیسی عێراق لەو وەزارەتە، کۆ بوونەوە.
لەم دانیشتنەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە باسیان لەسەر کرا:
١. باسی تایبەت بە بوونە ئەندامی نۆروێژ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و توانایی و کاریگەریی ئەو وڵاتە لەسەر پرسە نێونەتەوەییەکان.
٢. بارودۆخی نەخۆشیی کورۆنا لە ئێران و هەڵاواردنی نەرێنیی پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕێژیمەوە لە بواری خزمەتگوزاریدا و هاوکات پەرەسەندنی بەرچاوی ئەو نەخۆشییە لە شارەکانی وەک سنە، کرماشان و ئیلام.
٣. دەسپێکردنەوەی ڕێژیم بە پرۆسەی تێرۆر لە وڵاتانی ئورووپایی و قامک خستنە سەر دوایین هێرشی تێرۆریستیی ڕێژیم بۆ سەر ''سادقی زەرزا'' چالاکی سیاسیی کورد لە هۆلەند و داواکاریی شاندی کوردی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو پرسە بە مەبەستی وریابوونی نۆروێژ لە ئەگەری هەوڵدانی ڕێژیم بۆ ئەنجامدانی وەها چالاکییەکی دژە مرۆییانە لە وڵاتی نۆروێژ.
٤. تیربارانکردنی زیندانیی سیاسیی کورد ''هیدایەت عەبدوڵڵاپوور'' لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و مەترسی ئەوەی کە ئەو پرۆسەیە واتە کوشتن و لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی ڕەوتێکی خێراتر بە خۆیەوە بگرێت و داوا لە نۆروێژ کرا کە هەرچی لە توانایدا هەیە بیکات بۆ ئەوەی پێش بەو ڕەوتە بگرتێ.
٥. تۆپبارانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بۆ سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و ناردنی هێزی زەوینی بەرەو بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەو سنوورانە بە مەبەستی هەڵگیرسانی شەڕ و بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستان.
شاندی نۆروێژی، باسیان لەوە کرد کە زۆر بە وردی لەسەر ئەو پرسانە ئاگادارن و هاوکات لەلایەن حکوومەتی عێراقیشەوە نامەی ناڕەزایەتی گەیشتووەتە نەتەوە یەکگرتووەکان.
لەو دانیشتنەدا شاندی نۆروێژی باسیان لەوە کرد کە نۆروێژ لایەنگری ئەوەیە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن و مافەکانی کورد دەستەبەر بکرێن و لە کوردستانی ئێراندا بتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن، سیستمی خۆبەڕێوەبەرییان هەبێت و کولتوورێکی دێموکراتیک لە ئێراندا پێڕەو بکرێت بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان، بە سەرجەم نەتەوە، دین و ئایینەکانەوە بتوانن لە ئاشتیدا بژین و وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە و هاوبەشی ڕاستەقینەی بەڕێوەبەریی وڵاتەکەیان بن.
هەروەها بەڵێنیی ئەوەیان دا کە ئەو باسە لە چوارچێوەیەکی دیپلۆماتیکدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی برووژێنن و هاوکات ئاگاداری ئەوەش دەبن کە ئێران نەتوانێت لە نۆروێژ و وڵاتانی ئورووپایی دژی دژبەرانی خۆی، بەتایبەت کوردە چالاکەکان کە لەبەر ڕای جیاواز و بیروباوەڕی خۆیان، پێیان ناوەتە وڵاتی نۆروێژ، ئاڵۆزی دروست بکات.