کەریم پەرویزی
راسانی رۆژهەڵات، بەخۆداچوونەوە و لەخۆڕاماڵینی تەپوتۆزی رابردووی نزیک و هەستانەوە سەرپێی نەتەوەیەک بوو کە دوژمنی ستەمکار و دەستوپێوەندەکانی وایان دەزانی بەچۆکیاندا هێناوە، بەڵام نەیانزانی کە نەتەوەی کورد تەنیا دەرفەتی بەخۆی داوە تا بەشێکی دیکەی نیشتمان سەقامگیر بێ و لە دۆخی نوێدا وای لێک داوەتەوە کە چیدی دوژمن هەموو دەرفەتەکانی لەکیس داوە و پێویستە کە ئەم کوانووە پڕگڕ بکرێتەوە.
کوانووی خەباتی رۆژهەڵات بڵێسەدار کرایەوە و لە لووتکەی چیاوە، رێبەرانی چیاباوەڕ، پەیامیان بە گوێی نەتەوەیەکدا دا؛ پەیامی هەستانەوە، راسانەوە و سەربەرز ژیان و بە سەختەڕێی خەباتدا سەرکەوتن.
هەبوون دوودڵ بوون لە پەیامەکە و هەبوون رێبوارانیان دڵسارد دەکردەوە لە رێگاکە، هەشبوون ئامادەی گیانبازی، تاکوو وەجۆش بێنن و کڵپە بدا خەبات و راسان.
دوای سێ ساڵ، هەرچەند نرخی زۆر گەورە بۆ دووبارە کەوتنەوە سەرپێی ئەم نەتەوە و ئەم خەباتە درا، بەڵام هەموو بانگی بێهیوایی پووچەڵ کرایەوە و دەنگی راسانی رۆژهەڵات دلێرە و دەگاتە گوێی هەموو دونیا و تا بارەگای دەسەڵاتدارانی ئامریکاش گەیشت.
سیمای راسانیش روون و روونتر و بەهەیبەتترە، ئەو کاتە دەبینین کە پێشمەرگەی گیانفیدای نیشتمان لە نێو ئازیزترین کەسەکانی واتە خەڵکی پێشمەرگە دۆستی کوردستاندا بە باوەشی ئاوەڵاوە وەردەگیرێ و گوێی لێ دەگیرێ و لە نێو هەموو رەگ و قوژبنێکی دڵیاندا هەڵیان دەگرن و دەیان پارێزن.
راسانی رۆژهەڵات بریتی نییە لە تەقەکردن و چەک نیشاندان، هەرچەند لەبەرامبەر دوژمنێکی دڕندەی وەک کۆماری ئیسلامیدا دەبی چەکت پێ بێ بۆ خۆپاراستن، بەڵکوو راسان بریتی بووە و هەیە، لە هێمای ورەبەخشی پێشمەرگە و دڵی ئاوەڵای شار بۆ بەشداری لە خەباتدا. ئێستا دەبینین کە ئەم ئیرادەیە بە ئەسپایی بەڵام بە پتەوی و قایمی خۆی دەسەلمێنێ.
لە سەرەتای وەرزی نوێی خەباتدا رێگاکە پڕ هەڵدێڕ و هەندێک ناڕوون دەردەکەوت و تەنیا ئەوانەی کە ئیرادەیان سەر بە شاخ نەوی دەکا، دڵنیابوون لە سەرکەوتن و دروستیی رێگا، هەر بۆیەش بینیمان لە قەرەسەقەل و کۆساڵان حەماسەیان خوڵقاند تاکوو بڕوای بەرزی گەیشتن بە لووتکە بە نەتەوەی کورد ببەخشنەوە.
ئەو حەماسە و ئەو خوێنانە و ئەو گیانبازی و ورە و بڕوای بەرز و ئیرادە پۆڵایینانە بوون کە ئەمڕۆیان بۆ دروست کردووین وا بە ڕاشکاوی دەبینین کە راسان بە بەهێزی بەرەو لووتکە هەڵدەکشێ و ئەم گیانبازییانەی ئەمڕۆیە کە سبەینێ ئاوەدانی نیشتمانێکمان بۆ بەدیاری دێنێ. راسان دژ بە تاریکی بەردەوامە.